یاریزانێکی کوردی هەڵبژاردەی سوریا عەرەبی نازانێت
رووداو-هەولێر
یاریزانێکی کورد لە یاریی تۆپی پێ کە لە یەکێک لە یانەکانی ئەڵمانیا یاریدەکات بانگهێشتی هەڵبژاردەی سووریا کرا.
ئەیاز عوسمان کە تەمەنی 22 ساڵانە و خەڵکی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە، لە یانەی دریسدینی ئەڵمانیا یاریدەکات و لەلایەن راهێنەری هەڵبژاردەی سووریاوە بانگهێشتکراوە تاوەکو یاری بۆ هەڵبژاردەکە بکات، یاریزانە کوردەکەش بەو بانگهێشتکردنە رازی بووە و دوێنێ گەیشتە فرۆکەخانەی دیمەشق.
ئەوەی سەرنجراکێشە لە بابەتەکە ئەوەیە کە ئەیاز عوسمان زمانی عەرەبی نازانێت، تەنیا زمانەکانی کوردی و ئەڵمانی دەزانێت هەر بۆیە وەرگێرێکی کوردیان بۆ داناوە تاوەکو لە پلانەکانی راهێنەر تێبگات.
ئەیاز بە کەسێکی نیشتیمان پەروەر ناسراوە و خۆشەویستییەکی زۆری بۆ کوردستان هەیە، بە دەیان جاریش لە نێو هاندەرانی یانەی دریسدیندا ئاڵای کوردستانی بەرزکردووەتەوە.
ئەیاز لە تەمەنی 4 ساڵاندا لەگەڵ خانەوادەکەی چوونەتە ئەڵمانیا و مافی پەنابەرییان وەرگرتووە.