میلیتاو: لەگەڵ ڤینیسیۆسدا خیانەتمان نەکردووە


رووداو دیجیتاڵ

ئیدێر میلیتاوی بەرگریکەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بەجیابوونەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە ڤێرجینیا فۆنسێکای خۆشەویستی هەبێت.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، لە ئیسپانیا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە میلیتاو هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەی ڤینی بووە لە خۆشەویستەکەی، پاشئەوەی پێکەوە خیانەتیان کردووە.
 
دەنگۆکانی نێو ئیسپانیا دەڵێن، ڤینیسیۆس و میلیتاو پێکەوە، ژمارەیەک ئافرەتیان لە شاری پیراسیکابای بەرازیلەوە داوەتی  مەدرید کردووە بە فڕۆکەی تایبەت و پێکەوە شەوە ئاهەنگیان گێڕاوە.
 
سەرچاوەکان گوتبوویان، ئەو ئاهەنگە و کارە هاوبەشەکەی میلیتاو و ڤینی لای ڤێرجینیا ئاشکرابووە و بەهۆیەوە بڕیاری وازهێنان لە ڤینیسیۆسی داوە.
 
میلیتاو لە ئینستاگرامی خۆی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، "لەسایەی ئەو دەنگۆ و تۆمەتانەی لەماوەی رابردوودا بەفراوانی بڵاوبوونەوە، دەمەوێ روونی بکەمەوە هەموو ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ من، درۆن و هیچ بەڵگەیەکی راستییان تێدا نییە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "لەم ساتەدا، من بەتەواوی پابەندم بە پڕۆسەی چاکبوونەوە لەو پێکانەی کە لە مۆندیال بێبەشی کرد، هەروەها هەموو بایەخی خۆم بۆ خێزانەکەم و بەتایبەت هاوژینە دووگیانەکەم تەرخانکردووە، دانیپێدادەنێم کە هەست بەترس دەکەم بەهۆی ئەو دۆخەوە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "گەیشتوومەتە قۆناخێک، کە بەئەستەم نەبێت لە ماڵەکەم ناچمە دەرەوە، بەتایبەت کاتێک هاوژینەکەمم لەگەڵ نەبێت، ئەوەشبەهۆی قەبارە و کاریگەریی ئەو تۆمەتانەوە کە هیچ بنەمایەکیان نییە. من دووپاتیدەکەمەوە، ئەگەر هەر دەنگۆیەک پەیوەندی بەمنەوە هەبێت، دەبێ بەڵگەی فەرمیی لەگەڵ بێت، نەک تەنیا بۆچوون و بڕیاری خێرا و بێبنەما، یان چیرۆکی هەڵبەستراو".
 
میلیتاو زیاتر دەڵێ، "بڵاوکردنەوەی تۆمەتبارکردنی بێبنەما تەنیا زیان بەمن ناگەیەنێت، بەڵکو خێزانەکەشم ئازار دەدات و ئەو تۆمەتبارکردنە ناڕەوایە زیانی زۆر پێگەیاندم، داوای رێزگرتن و بەرپرسیارێتی و هاوسۆزی دەکەم لەم کاتە ناسکەدا".
 
لە کاتێکدا میلیتاو لە قۆناخی چارەسەر و چاکبوونەوە لە پێکانەکەیەتی، ڤینیسیۆس خۆی بۆ چوونە هەڵبژاردەی بەرازیل و یارییکردن لە مۆندیالی داهاتوو، ئامادە دەکات.