زاخۆ دەیەوێت رێگەی بردنەوە بدۆزێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک یانەی زاخۆ بەدوای سێ خاڵدا دەگەڕێت، کاتێک بەرامبەر یانەی نەجەف یاریی دەکات.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 35ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگای زاخۆ بەڕێوەدەچێت و کاژێر 17:30 یارییەکە دەکرێت.
زاخۆ لە دۆخێکی باشدا نییە، یانەکە لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر یانەکانی دیالە و کەرخ دۆڕاوە، بەتایبەت گەڕی رابردوو کاتێک لە دوایین ساتەکاندا لە یاریگای خۆی تووشی دۆڕان بوو.
ئەم دوو دۆڕانە هاندەرانی زاخۆی نیگەرانکردووە و ئەوان چاویان لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشترە لە خولەکەدا.
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئەندرێ چەکیچی و ئێچێتا دێپۆتی بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
نەجەف پێشتر دابەزینی بۆ خولی پلە نایابی عێراق یەکلابووەتەوە، یانەکە بەدرێژایی ئەم وەرزە تەنیا 5 یاریی بردووەتەوە، بۆیە یارییەکەی ئەمڕۆ هەلێکە بۆ زاخۆ بۆ ئەوەی تیپەکە بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست.
زاخۆ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 51 خاڵ بەبردنەوەی یارییەکە جیاوازییەکەی لەگەڵ کەرخی حەوتەم دەکاتە دوو خاڵ و یارییەکی دواخراویشی ماوە.