رۆناڵدۆ دەیەوێت نازناوێکی مێژوویی بباتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت نازناوێکی مێژوویی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی بباتەوە، کاتێک لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیادا بەرامبەر یانەی گامبا ئۆساکای ژاپۆنی یاریی دەکەن.
 
ئەمشەو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا بەڕێوەدەچێت، یارییەکە لە یاریگەی ئەول پارکی یانەی نەسڕ دەکرێت، یانەی نەسڕی سعودی بەرامبەر گامبا ئۆساکای ژاپۆنی یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە و دەیەوێت یەکەم نازناوی فەرمی لەسەر ئاستی کیشوەری لەگەڵ یانەکە بباتەوە، بۆ ئەوەش چاویان لەوەیە سوود لە یاریگا و هاندەرانیان وەربگرن.
 
رۆناڵدۆ لەسەر ئاستی پۆرتوگال، ئینگلتەرا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا نازناوی زۆری بردووەتەوە، ئەمجارە چاوی لەوەیە لەسەر ئاستی ئاسیا ببێتە پاڵەوان.
 
لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو دەکرێت، لە هەفتەیەکدا نەسڕ دوو نازناو لەسەر ئاستی ئاسیا و سعودیە بباتەوە، ئەگەر یاریی داهاتووی لە خولی سعویدا لە یانەی زەمک بردەوە.
 
بەمەش رۆناڵدۆ دەتوانێت وەڵامی هەموو ئەو رەخنانە بداتەوە کە لەبارەی نەبردنەوەی نازناوەکان لەگەڵ یانەکەی لەو یاریزانە دەگیران.
 
رۆناڵدۆ پێشتر لە جامی جیهانی یانەکاندا بەرامبەر یانەیەکی ژاپۆنی یارییکردووە، هاتریکی بەرامبەر کاشیما ئانتلەرز تۆمارکرددوە و لەگەڵ ریال مەدرید بوونە پاڵەوان.
 
ئەمجارەش رکابەرەکەیان ژاپۆنییە، بەڵام رۆناڵدۆ بەدرێسی یانە سعودییەکەوە چاوی لە بردنەوەی نازناوەکەیە.