هەواڵێکی ناخۆش بۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی
رووداو دیجیتاڵ
میدیای پۆرتوگال هەواڵێکی ناخۆشی بۆ یانەی نەسڕ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڵاوکردەوە و ئەگەری هەیە راهێنەری یانەکە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە یانەکە بڕوات.
رۆژنامەی ئابۆلای پۆرتوگالی دەڵێت "خۆرخی جیسۆس، راهێنەری پۆرتوگالی و یانەی نەسڕ لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە یانەکە دەڕوات، ئەو پێیوایە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوە لە یانەکە بڕوات و لە کۆتایی وەرزدا سعودیە بەجێدەهێڵێت".
سەرچاوەکە دەڵێت "جیسۆس دوای یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا بڕیارەکەی رادەگەیێنێت".
ئابۆلا لەبارەی وێستگەی داهاتووی راهێنەرە پۆرتوگالییەکەوە دەڵێت "جیسۆس لە کۆتایی ئەم مانگەدا لەگەڵ کارگێڕیی یانەی فێنارباخچەی تورکی کۆدەبێتەوە، یانەکە دەستەوارەیەکی گەورەی بۆ ئەو راهێنەرە ئامادەکردووە و ئامادەیە 15 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچەی ساڵانە بداتە ئەو راهێنەرە، کە ئەگەر ئەمە بکرێت دەبێتە گرانترین گرێبەستی ئەو راهێنەرە لە کاروانی راهێنەرایەتیکردنیدا".
ئەمە لەکاتێکدایە پێدرۆ پروێنسا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال پێیوایە خۆرخی جیسۆس باشترین بەربژێرە بۆ ئەوەی لە دوای رۆیشتنی رۆبێرتۆ مارتینێزەوە، ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال.
خۆرخی جیسۆس، تەمەنی 71 ساڵە، 306 رۆژە راهێنەری یانەی نەسڕە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە لە 30-6-2026 کۆتایی دێت.
تاوەکو ئێستا راهێنەرەکە لە 47 یارییدا سەرپەرشتی یارییەکانی نەسڕی کردووە، 39 بردنەوەی هەیە، لە 2 یارییدا یەکسانبووە و 6 یاریی دۆڕاندووە.
ئەمشەو راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا لەگەڵ یانەی نەسڕ بباتەوە.