پێرێز بۆ یەکەمجار باس لە شکستهێنانی لە گواستنەوەی ئێمباپێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید باس لە چەند پرسێکی گرنگ دەکات و دەڵێت " ئێمباپێ چیدیکە ئەو ئێمباپێیە نییە کە من دەیناسم، سوپەر لیگ ماوە و پاڵپشتی یانەی بارسێلۆناش دەکات."
 
پێرێز میوانی بەرنامەی بەنێوبانگی ئیسپانی (ئێل چیرنگیتۆ ) و لە بەرنامەکەدا لەسەر چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە یانەکەی و تۆپی پێ قسەیکرد و گوتی ئامادەم بۆ وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکان.
 
فلۆرێنتینیۆ لەکاتی گەیشتنی بۆ ستودیۆی بەرنامەکە گوتی " من ئارامم، چونکە ئێمە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگین."
 
سەرۆکی یانەی ریال مەدرید باسی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەی کرد و گوتی " چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە؟ یارییەکان ئەفسوناوی بوون، بۆ هەتا هەتایە لەبیری ناکەین، بۆ بردنەوە پێویستە یاریزانی زۆرباشت هەبێت، بەڵام پێویستە مەرج و کەش و هەوا و راهێنەرێکی باشیشت هەبێت، جگە لەوەش یاریزانی پیشەگەری باشت پێویستە و لەگەڵ ئەوانەش کە مەدریدێستان."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لە کام یاریی ئەم وەرزەدا خۆی لە دەرەوەی چامپیۆنزلیگ بینیوە؟ پێرێز گوتی " لە هیچ یارییەکدا، بەرامبەر پاریس سانجێرمان 20 خولەکمان مابوو، پاریس سانجێرمان، مانچێستەر سیتی و چێڵسی دۆژمنی ئێمە نین، هەموومان هاوڕێی یەکدین."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی سوپەرلیگەوە، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەڵێت " ئەو لە ژیاندا ماوە، بابەتەکە لە دادگای لوکسمبۆرگە، بابزانین چی روودەدات، ئێمە وای دەبینین دەتوانین لەگەڵ یۆفا رکابەرییەکان رێکبخەین، ئێمە لەوە تێدەگەین کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا قۆرخکارییە، هیچ هەستێکم لەبارەی دوورخستنەوەی ریال مەدرید بەهۆی پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکە نییە، ئێمە رای جیاوازمان لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا هەیە، بابزانین دادگا چ بڕیارێک دەدات."
 
سەرۆکی یانەی شاهانە باس لە پرسی رێککەوتنی CVC و لێدوانە یەک لەدوای یەکەکانی خاڤێر تێباس سەرۆکی دەستەی لالیگا دەکات و دەڵیت " هەستناکەم لەلایەن تێباسەوە پشتگیر بکرێم، هەست بە ستەم دەکەم، من سکاڵایەکم لەگەڵ کۆمەڵەکە هەیە سەبارەت بەو دۆسیە، سەرپێچیی یاسای کردووە، لەبارەی ئەوەی کە ئەو یانانەی ماون واژۆیان لەسەر پڕۆژەکە کردووە، نازانم بەڵام دۆخی دوای کۆرۆنا زۆر سەخت بوو."
 
پێرێز زیاتر لەو بارەیەوە گوتی " دەزانم تێباس بۆچی ئەوە دەکات، ئەو پشتگیریی ریال مەدرید ناکات، لەگەڵ بارسێلۆنا و ئاتلێتیک بیلباو سکاڵامان داوای یاساییمان هەیە و پێماوانەیە پێشێلی یاسای بەبازاڕکردنی مافە بینراو و بیستراوەکان دەکات."
 
سەرۆکی ریال مەدرید پاڵپشتیی یانەی بارسێلۆنا دەکات و لەبارەی پرسی گواستنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گوتی " نازانم یانەکە دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی بکات یان نا، با بەو شێوەیە بیکات کە بە گونجاوی دەزانن، بارسێلۆنا رکابەری راستەوخۆی ریال مەدریدە، بەڵام ئێمە دوو باشترین یانەی جیهانین، بەکەم سەیرکردنی بارسێلۆنا و گوشار خستنە سەر یانەکە شتێکی بێمانایە، گوشار خرایە سەر لاپۆرتا بۆ ئەوەی بچێتە نێو دۆسیەی CVC، بەڵام لە دادگا نایاسایی بوونی دۆسیەکەی ئیدانەکرد."
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز چووە سەر پرسی شکستهێنان لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ و لە رێگەی بەرنامەکەوە بە هەموو جیهانی گوت " مباپێ؟ خەونەکانی دەگۆڕا، سەیرەکە ئەوەیە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بانگدەکرێت، نازانم بۆچی ئەم شتانە روودەدەن، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەی دروستکرد."
 
پێرێز لەو بارەیەوە زیاتر قسەیکرد و گوتی " هیوای سەرکەوتن بۆ ئێمباپێ دەخوازم لە قۆناخی نوێیدا، ئەو ئێمباپێیەی ئێمە دەمانویست ئەوەبوو کە خەونی بەدرێسی ریال مەدریدەوە دەبینی، ئێستا ئەو خەون بەدرێسی سپییەوە نابینێت، هیچم لە دژی ئەو نییە، هەندێکجار بەهۆی هۆکاری دەرەکییەوە خەونەکان بەدی نایەن، لە مێژوودا هیچ یاریزانێک لە ریال مەدرید گەورەتر نییە و ئەمە هەمیشە بارودۆخی ئێمە بووە."
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز دەڵێت " بەهۆی ئێمباپێیەوە نەچووین هالاند بگوازینەوە؟ نەخێر، ئێمە باشترین هێرشبەری جیهانمان هەیە، نامانەوێت هالاند بهێنین لەسەر کورسیی یەدەگ دابنیشێنین وایە؟ ئێمە کار بۆ رێکخستنی تیپی وەرزی داهاتوومان دەکەین و لە راستیدا تیپێکی نایابمان هەیە."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەرگای ریال مەدرید بەرووی ئێمباپێدا داخراوە؟ پێرێز گوتی " دەرگای ریال مەدرید هەمیشە بەرووی ئەو یاریزانانەدا کراوەیە کە تێدەگەن مەدرید چییە."
 
سەرۆکی ریال مەدرید باس لە گریانی مێسی دەکات، دوای ئەوەی لە بارسێلۆنا رۆیشت و گوتی " مارسێلۆش بە گریانەوە ماڵئاوایی لێکردین، ئەم یاریزانە باش و خۆشەویستانە کە دەڕۆن چۆن ناگرین، بەڵام من بەوە دڵخۆشنیم."
 
پرسیار لە پێرێز کرا کە زیدان دەبێتە راهێنەری ریال مەدرید؟ سەرۆکی یانە مەدریدییەکە گوتی " نازانم، هەمیشە بیستوومە ئەو کوڕێکی ریال مەدریدە، ئەفسانەیە و بۆ هەڵبژاردەی فەرەنساش بەهەمان شێوە، بەڵام دەکرێت بیرۆکەکەی بگۆڕێت."