ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید بەهێزەوە بۆ یەکەم یاریی مۆندیال ئامادەیە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، یەکەم مەشق و راهێنانی لە ئەمریکا و ئەنجامدا و بەهێزەوە خۆی بۆ رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکان ئامادەکردووە.
یانەکە دوای گەیشتنی بۆ فلۆریدا، یەکەم مەشق و راهێنانی لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆ بەبەشداریی سەرجەم یاریزانەکانی ئەنجامدا، مەشقەکانی یانەی شاهانە لە کەشوهەوایەکی گەرمدا بەڕێوەدەچن و ئەلۆنسۆ ئامێری تایبەت بە شێدارکردنەوە و سەهۆڵبەندی بەکارهێناوە، بۆ ئەوەی یاریزانەکانی بتوانن بەشێوەیەکی ئاسایی مەشقەکانیان بکەن.
لە مەشقەکانی یانەی شاهانەدا، هەردوو یاریزانی نوێی تیپەکە، ئەلیکساندەر ئارنۆڵد و دین هاوسن بەشدارییانکردووە و هەمووان چاوەڕێی بینینی ئەو دوو یاریزانە دەکەن بەدرێسی یانەی شاهانەوە.
ریال مەدرید خۆی بۆ یارییەکەی بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی ئامادەدەکات، کە شەوی چوارشەممە کاژێر 22:00 هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
مۆندیالی یانەکان یەکەم وێستگەی دەرکەوتنی چابی ئەلۆنسۆ دەبێت وەکو راهێنەری یانەی شاهانە، هاندەرانی یانەکە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی بینینی یەکەم یاریی یانەکەیان دەکەن لەژێر سەرپەرشتی راهێنەری نوێ.
مۆندیال بۆ هەریەکە لە لوکا مۆدریچ و لوکاس ڤاسکێز تایبەت دەبێت، لەکاتێکدا ئەو دوو یاریزانە ماڵئاواییان لە ریال مەدرید کردووە و دوای پاڵەوانێتییەکە لە یانەکە دەڕۆن.
یانەی ریال مەدرید بە گرنگییەوە دەڕوانێتە یارییەکانی مۆندیالی یانەکان و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بکات، بەتایبەت کە پاڵەوان 125 ملیۆن دۆلار وەکو خەڵاتی دارایی وەردەگرێت.
لۆس بلانکۆس لە کۆمەڵەی هەشتەمە، یەکەم یاریی بەرامبەر یانەی هیلالی سعودییە، دوای ئەوە رووبەڕووی یانەکانی پاچوکای مەکسیکی و سالزبۆرگی نەمسایی دەبێتەوە.