ئوسامە رەشید هۆکاری رۆیشتنی لە یانەی هەولێر بۆ رووداو ئاشکرا دەکات

رووداو - هەولێر

ئوسامە رەشید، هۆکاری رۆیشتنی لە یانەی هەولێر ئاشکراکرد و  رایگەیاند، پاش نۆ مانگ لە چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی مافەکانم، چیدی توانای چاوەڕوانیکردنم نییە و ناگەڕێمەوە بۆ یارییکردن لە یانەی هەولێر.


ئوسامە رەشید، ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداوی راگەیاند، لە یانەی هەولێر بێزاربووە بەهۆی وەرنەگرتنی مافە داراییەکانی، هەربۆیە بڕیاریداوە چیدی یاریی بۆ ئەو یانەیە نەکات.

ئوسامە کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بەیانەی هەولێرەوە کرد، بەر لە تەواوبوونی رکابەرییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ریزەکانی ئەو یانەی بەجێهێشتووە و نەگەڕاوەتەوە بۆ مەشقەکانی یانەکە.

هەینی رابردوو، شێرکۆ کەریم، کاپتنی یانەی هەولێر لەلێدوانێکدا بەرووداوی راگەیاند، "ئوسامە رەشید پێیڕاگەیاندم ناگەڕێمەوە هەولێر و تۆپی پێ بەو شێوەیە ناکرێت".

ئوسامە لە دوای بەشداریکردن لە گەڕی 34ی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر یانەی تەڵەبە و دەستپێکردنی پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان، هەولێری بەجێهێشت و نەگەڕاوەتەوە یانەکە.

ئوسامە رەشید کە ئێستا لە پۆرتوگالە، بە رووداوی راگەیاند، "یانەی هەولێر و هاندەرانیم زۆر خۆشدەوێت و هاتنم بۆ ئەو یانەیەش لە خۆشەویستی زۆرمبوو بۆیان، بەڵام من نۆ مانگە چاوەڕوانی دەستەی کارگێڕیی یانەکەم تاوەکو مافەکانم پێبدەن، زۆرم چاوەڕێکرد و مافەکانم وەرنەگرت". 

بەپێی قسەی ئەو یاریزانە، "یانەی هەولێر تەنیا نیوەی شایستە داراییەکانی گرێبەستەکەی داومەتێ، ئێستا نیوەی پارەی گرێبەستەکەم لای یانەی هەولێر ماوە".

لە دوای رۆیشتنی ئوسامەوە لە یانەکە، یانەی هەولێر چەند جارێک هەوڵیانداوە رازی بکەن بگەڕێتەوە و ئەو چەند یارییەی ماوە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لەگەڵ یانەکەدا ئامادە بێت، بەڵام ئەو یاریزانە رازی نەبووە و گەڕانەوە رەتدەکاتەوە. 

ئەستێرە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی داهاتووی خۆیەوە دەڵێ، "من جارێکی دیکە ناگەڕێمەوە یانەی هەولێر و ئەوان خۆشەویستن لە دڵی مندا، بەڵام وەرزشکردن بەو شێوەیە ناکرێت، من چاوەڕوانی یانەی هەولێرم بۆ ئەوەی مافەکانم بدەنێ و هەموو کات یانەکە و هاندەرانی لەنێو دڵی مندان". 

ئوسامە رەشید پێشتر لە خولەکانی پۆرتوگال، هۆڵەندا، بولگاریا، تورکیا و ئیمارات یارییکردووە.

ئوسامە رەشید، پلانی داهاتووی ئاشکراکرد "جارێ لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانم لە پشوودام، دەمەوێت بۆ یاریکردن بگەڕێمەوە ریزی یانەکانی خولی پۆرتوگالی یان یانەیەکی وڵاتانی ئەورووپا". 

ئوسامە رەشید، پێنجەم یاریزانە لەدوای نیوەی دووەمی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراقەوە ریزەکانی یانەی هەولێر بەهۆکاری کێشەی دارایی بەجێدەهێڵێت، پێشتر هەریەکە لە هیگۆر ڤیداڵ، هێلیۆ مۆنتێریۆ، رێبین سولاقا و یوسف بن سۆدە یانەی هەولێریان بەجێهێشتووە.