ئەو گۆڵپارێزەی 10 گۆڵی لێکرا، کرێچییە و کرێکاری کۆگایە
رووداو دیجیتاڵ
کۆنۆر ترایسی، گۆڵپارێزی یانەی ئۆکلاند سیتی، دەڵێ دەمزانی پێشبینیکراو نییە لە بایرن میونشن ببەینەوە، بەڵام بەشداریکردن لە یارییەکدا بەرامبەریان، شایستەی ئەوەیە هەموو شتێکی بۆ بکەیت.
ترایسی لە یارییەکەدا 10 گۆڵی لێکرا، چیرۆکەکەی ئەو چیرۆکی گۆڵپارێزێک نییە بەدەست دابەزینی ئاست یان ئەنجامدانی هەڵەوە ناڵاندبێتی، بەڵکو چیرۆکەکەی ئەو پەیوەندی بەکارکردن لەدەرەوەی تۆپی پێ هەیە.
ترایسی چەند رۆژێکی کەم بەر لە یارییەکەی بایرن میونشن، ناچاربوو بچێتە شوێنکارەکەی و داوای مۆڵەتی بێ مووچە بکات، بۆ ئەوەی شانازیی ئەوەی پێ ببڕێت لە مۆندیالی یانەکاندا بەرامبەر بایرن میونشن یاریی بکات.
ئۆکلاند سیتی لەلایەن بایرن میونشنەوە، لە یەکەم یاریی هەردوو یانە لە مۆندیالی یانەکان، دە گۆڵی لێکرا.
ترایسی هەندێک هەڵەی کرد کە هۆکاربوون بۆ ئەوەی تیپەکەی ئەو هەموو گۆڵەی لێبکرێت، بەتایبەت لە پاسدان و هەوڵدان بۆ هاتنە دەرەوە لە گۆڵەکەی، بەڵام ئەو بەشێوەیەکی گشتی تۆپی زۆر و لێدانی زۆری گەڕاندەوە، ئەگەرچی جیاوازیی ئاست لەنێوان هەردوو تیپدا زۆر گەورە بوو.
یاریزانەکانی ئۆکلاند سیتی هەموویان سیستمی پیشەگەریی تەواویان نییە، چونکە زۆرینەیان لە کاری دیکەدا کاردەکەن، لە دەرەوەی تۆپی پێ، لە کیشوەرێکدا کە یارییکردن ناتوانێ هەموو پێویستییە داراییەکانی یاریزانان دابین بکات. یاریزانەکانی ئەو یانەیە پەنادەبەنە بەر پشووی ساڵانەی بێ مووچە، لەپێناو بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکان.
ترایسی خۆی لە 1997 لەدایکبووە، لە کۆگایەکی دەرمانی ڤیرتنەری کاردەکات. ئەو ناچاربوو داوای مۆڵەتی بێ مووچە بکات لە کارەکەی تاوەکو بتوانێت بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات.
ترایسی پێشتر لەگەڵ هەڵبژاردەی نیوزیلەندای خوار تەمەنی 23 ساڵان یارییکردووە و لەنێو ئەو پێکهاتەیە بوو کە بۆ ئۆڵۆمپیادی 2024ی پاریس سەرکەوت.
ترایسی لە لێدوانی بۆ میدیاکان دەڵێ، "هەموو کات بۆ پاڵەوانێتییەکان ناچارم یان پشووی ساڵانەکەم وەربگرم، یان مۆڵەتی بێ پشوو بکەم، ئەوەش کێشەی کرێ و داهاتم بۆ دروستدەکات، بەڵام یارییکردن بەرامبەر بایرن میونشن و بێنفیکا شایستەی ئەوەیە ئەو سەرکێشییەی بۆ بکەم".
ئۆکلاند سیتی لە دووەم یارییدا لە مۆندیالی یانەکان، رۆژی هەینی داهاتوو بەرامبەر بێنفیکای پۆرتوگالی یارییدەکات.