ریال مەدرید دەیەوێت دەستبەرداری سێ یاریزان ببێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوای گواستنەوەی هەریەکە لە ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر و ئورلیێن چوامینی، هیچ گرێبەستێکی دیکە ناکات و ئێستا کاردەکات بۆ ئەوەی دەستبەرداری چەند یاریزانێک ببێت.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، مارکۆ ئاسێنسیۆ و دانی سێبایۆس پێشەنگی ئەو یاریزانانەن کە چاوەڕواندەکرێت لە یانەی ریال مەدرید بڕۆن، میلان بۆ گواستنەوەی ئاسێنسیۆ لەسەر هێڵە، ریال بێتیسیش داوای سێبایۆس دەکات، بەڵام نایەوێت بە 10 ملیۆن یۆرۆ بکڕێت، جگە لەوانەش تاکیفوسۆ کوبۆ، بە ئەگەری زۆرەوە لە یانەکە دەڕوات، یانەی ریال سوسیداد بۆ گواستنەوەی لەسەر هێڵە، بەڵام هەردوو یانە بیرۆکەی جیاوازیان هەیە، ریال مەدرید دەیەوێت یاریزانەکە بەخواستن بڕوات و ریال سوسیدادیش دەیەوێت گرێبەستەکە بەشێوەی هەمیشەیی بێت.
ئەنچێلۆتی لەلێدوانێکدا دەڵێت " گرێبەستی دیکە ناکەین و تیپەکەم ئێستا زۆر باشە"، بەپێی هەواڵێکی ئەی ئێس، راهێنەرەکە دەیەوێت هازارد وەک هێرشبەری وەهمی ژمارە 9 بەکاربهێنێت.
ریال مەدرید چەند رۆژێکە لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتی ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ دەستپێکردووە، ئەنتۆنیۆ پینتوس، راهێنەری توانای جەستەیی یانەکە رۆژانە دوو یەکەی مەشقی بە یاریزانان دەکات و ئامانجی ئەوەیە تیپەکە زۆربەباشی بۆ وەرزی نوێ ئامادەبکات.
ریال مەدرید چەند رۆژێکی دیکە بۆ کەمپێکی مەشق و راهێنان دەچێتە ئەمریکا و لەوێ یارییەکی کلاسیکۆ بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا ئەنجامدەدات.