هاوژینەکەی جۆتا چۆن دەژیت و سامانەکەی چەندە؟
رووداو دیجیتاڵ
هاوژینەکەی دیۆگۆ جۆتا دەستی بە رووبەڕووبوونەوەی راستییەکان کرد و دەیەوێت منداڵەکانی گەورە بکات بەبێ ئەوەی پێویستی بە یارمەتی هیچ کەسێک هەبێت. پرسیار ئەوەیە سامانەکەی دیۆگۆ جۆتا چەندە، کە لەدوای خۆی بەجێیهێشتووە؟
رۆتی کاردۆسۆ پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری چارەنووسساز لەبارەی ژیانی خۆی و منداڵەکانی بدات، سەرەڕای ئەوەی هێشتا کەمتر لە دوو هەفتە بەسەر کارەساتی لەدەستدانی هاوژینەکەی، دیۆگۆ جۆتا و براکەی، ئاندرێ سیلڤا تێنەپەڕیوە.
مردنە لەناکاوەکە، کە لەسەر یەکێک لە رێگاکانی ئیسپانیا روویدا، واقیعێکی سەخت بەسەر کاردۆسۆدا دەسەپێنێت کە پێویستی بە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی سێ منداڵەکەی و شوێنی نیشتەجێبوون و چارەنووسی ئەو ماڵە هەیە کە شاهیدی ساڵانێکی خۆشەویستی و بەختەوەری بوو.
لە رۆژانی رابردوودا، رۆتی گەشتی کرد بۆ لیڤەرپوول، لەوێ بەشداری لە رێوڕەسمێکی ماتەمینیدا کرد کە لە قەڵای ئانفێڵد بۆ رێزگرتن لە جۆتا بەڕێوەچوو، کە برینێکی قوڵی لە دڵی هاوڕێکانی و هاندەران و بەرپرساندا بەجێهێشتبوو.
سەرەڕای ئەوەی بەبەراورد بە دیمەنەکانی داڕووخانی لە پرسەکەدا ئارامتر دەردەکەوت، رۆتی بەکاریگەرییەوە دەبینرا کاتێک لەلایەن خوشکەکەیەوە پشتیوانی دەکرا، کراسێکی سپی لەبەردابوو کە دڵخوازترین جلوبەرگی هاوژینەکەی بوو.
لە وێنە کاریگەرەکاندا دەرکەوت کە باوەشی بە دوو منداڵدا کردووە، کە پێشبینی دەکرێت خزمی بن، لەکاتێکدا سێ منداڵەکەی خۆی لە دیمەنەکەدا ئامادە نەبوون، بەهۆی بچووکیی تەمەنیانەوە: دینیس (4 ساڵ)، دوارتی (2 ساڵ) و مافاڵدا (8 مانگ).
رووبەڕووبوونەوەی راستییەکان
سەرەڕای خەمە قوڵەکەی، رۆتی ناچارە رووبەڕووی واقیعێکی ئاڵۆز ببێتەوە، کە دیارترین خاڵی ئەوەیە: لەمەودوا لە کوێ دەژی؟ ژیان لە لیڤەرپوول چیدی هەمان مانای نەماوە دوای کۆچی دوایی جۆتا، هەرچەندە ئەو شارەکە و یانەکەشی خۆشدەویست.
وادیارە نزیکترین بژاردە گەڕانەوەیە بۆ باکووری پۆرتوگال، کە لەوێ پشتیوانیی خێزانەکەی هەیە و دەتوانن یارمەتی بدەن لە پەروەردەکردنی سێ منداڵەکەی لەم بارودۆخە سەختەدا.
ژیان لە لیڤەرپوول لەوانەیە ببێتە بارگرانییەکی سۆزداری کە بەرگەگرتنی قورس بێت، بەهۆی ئەو هەموو یادگارییە هاوبەشەی کە لەنێوان هاوژینەکاندا هەبوو. ئەگەر رۆتی بڕیاری گەڕانەوە بدات بۆ پۆرتوگال، ئەوا رووبەڕووی بڕیاری رۆژانەی هەستیارتر دەبێتەوە، لەوانە هەڵبژاردنی قوتابخانە، رێکخستنی دۆخی یاسایی و میرات، کە ئەمانە وردەکارین و پێدەچێت بیانسپێرێت بە کەسانی جێی متمانە، بەهۆی نەبوونی توانای دەروونیی بۆ بەڕێوەبردنیان.
پارە نابێتە رێگر
رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی ئاماژەی بەوە کردووە کە سامانەکەی جۆتا بە 40 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت. هەروەها یانەی لیڤەرپوول بەڵێنی داوە کە پابەندی گرێبەستەکەی یاریزانەکە بێت تاوەکو کۆتاییهاتنی؛ ئەمەش ساڵانە نزیکەی 7.5 ملیۆن یۆرۆ بۆ خێزانەکە مسۆگەر دەکات.
لەسەروبەندی ئەوەشەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاوکارەکانی جۆتا پشتیوانیی تەواوی خۆیان دەربڕیوە و جەختیان کردووەتەوە کە شانبەشانی رۆتی و منداڵەکانی دەبن و ناهێڵن بە تەنیا رووبەڕووی ژیان ببنەوە.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.. پرسیارگەلێکی بێ وەڵام
لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن سەبارەت بەو رووداوەی کە لە 3ـی تەممووز روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا و براکەی. دەسەڵاتداران هێشتا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیان لەبەردەستدا نییە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی سووتا؛ ئەمەش بووە هۆی لەناوچوونی زۆربەی داتا تەکنیکییەکان کە دەیانتوانی یارمەتیدەربن لە تێگەیشتن لەوەی چی روویداوە.
لەکاتێکدا لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیسی ئیسپانیا ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئۆتۆمبێلەکە بەخێراییەکی زۆر رۆیشتووە، شۆفێرێکی بارهەڵگر شایەتحاڵیی خۆی پێشکێش کردووە و باسی لەوە کردووە کە چەند خولەکێک پێش رووداوەکە ئۆتۆمبێلەکەی بینیوە و جەختی کردووەتەوە کە دوو براکە بەخێراییەکی مامناوەند لێیان دەخوڕی، هاوکات هۆشداریی داوە لە خراپیی رێگەکە و بە "تاریک و نائارام" وەسفی کردووە.
گرنگیی گوتەی شایەتحاڵەکان لەسایەی نەبوونی بەڵگەی بەردەستدا زیاتر بووە، بەتایبەتی کە لێکۆڵینەوەکە لەوانەیە بەرپرسیارێتیی یاسایی لەسەر بنەمای رووداوەکە دیاری بکات.
زانیارییە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە لەوانەیە یەکێک لە تایەکان تەقیبێتەوە؛ ئەمەش بووەتە هۆی لادانی ئۆتۆمبێلەکە و گڕگرتنی بەتەواوی، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەردوو براکە و لەناوچوونی ئۆتۆمبێلەکە کە لەجۆری لامبۆرگینی بوو.
سەرەڕای ئەوەی هیچ ئەنجامێک دیۆگۆ و ئاندرێ ناگەڕێنێتەوە، بەڵام زانینی راستییەکان وەک هەنگاوێکی پێویست دەمێنێتەوە بۆ خێزانێک کە تازە دەستیان بە گەشتێکی دوورودرێژ و ئازاراوی خەمباری کردووە.