پەیامی ماڵئاوایی لوکاس ڤاسکێز لە ریال مەدرید
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی یانەی ریال مەدرید بەفەرمی رۆیشتنی کاپتنەکەی، لوکاس ڤاسکێزی راگەیاند، ئەو یاریزانە پەیامێکی ماڵئاوایی لە یانەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا دووپاتیکردەوە کە شەرەفێکی گەورەیە یاری بۆ گەورەترین یانەی جیهانی کردبێت.
ڤاسکێز دوای زیاتر لە 10 ساڵ یاریکردن بۆ تیپی یەکەمی ریال مەدرید، ماڵئاوایی لەو یانەیە دەکات و سوپاسی هەموو مەدریدیستایەک دەکات. سوپاسی سەرۆک، کارگێڕیی، راهێنەران، هاوڕێکانی و هاندەرانی ریال مەدرید دەکات..
ئەمە پەیامی ماڵئاوایی لوکس ڤاسکێزە:-
🔹 مەدریدیستا خۆشەویستەکانم، نزیکەی دوو دەیە تێپەڕیوە لەو کاتەوەی گەیشتمە ڤاڵدیبێباس و تەمەنم شازدە ساڵ بوو، پڕبووم لە خەون و جۆشوخرۆش بۆ پۆشینی ئەم درێسە.
هەموو هەنگاوێک لەم رێگایەدا وەک دیارییەک بوو، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا مەدرید بووە نیشتمانی من.
پێکەوە شەوانی لەبیرنەکراومان بەسەربرد، ئاهەنگمان گێڕا بۆ 23 نازناو و یادگاریمان دروستکرد کە بۆ هەمیشە لەگەڵم دەمێننەوە. لەقوڵایی دڵمەوە، سوپاسی سەرۆک، دەستەی کارگێڕی، ستافی تەکنیکی، راهێنەران، هاوڕێکانم و لەسەرووی هەمووشیانەوە هاندەران دەکەم. ئێوە هەمیشە هانتان دەدام بۆ ئەوەی زیاتر پێشکێش بکەم.
ئەمڕۆ دوای زیاتر لە 400 یاری، کاتی ئەوە هاتووە ماڵئاوایی لە یانەی ژیانم بکەم، بەڵام بەویژدانێکی ئاسوودەوە جێیدەهێڵم، چونکە دەزانم کە هەموو توانای خۆمم بەکارهێناوە.
هەمیشە ئاگاداری ئەو بەرپرسیارێتی و شەرەفە بووم کە لەگەڵ پۆشینی ئەم لۆگۆیەدایە. چێژم لە هەموو یارییەک، یەکەیەکی مەشقکردن و گەشتێک وەرگرتووە و ئەگەر یەک شت هەبێت لەم گەشتە فێری بووبم، ئەوەیە کە هەرگیز نابێت کەس پێتبڵێت ناتوانیت شتێک بەدەست بهێنیت.
لەوانەیە من ریال مەدرید جێبهێڵم، بەڵام ریال مەدرید هەرگیز من جێناهێڵێت. بۆ هەر کوێیەک بڕۆم، بەشانازییەوە دەڵێم کە شەرەفی یاریکردنم بۆ گەورەترین یانەی جیهان هەبووە. سوپاستان دەکەم کە بەشێک بوون لە جوانترین گەشتی ژیانم. هەلا مەدرید و هیچی دیکە!!.