مێسی دەبێتە قوربانی ناکۆکییەکانی نێوان ئێمباپێ و نەیمار
رووداو دیجیتاڵ
راهێنەر دێت و دەڵێ، ئەوەی یەکەم لێدانی سزا جێبەجێدەکات ئێمباپێیە، ئەوەی دووەمیش جێبەجێدەکات نەیمارە.. باسێک لە مێسی ناکات.. کام مێسی؟ ئەو مێسییەی کاتێک بەراوردی هەر ژمارە و هەر دەستکەوت و نازناوێک بکەیت، کەس پێی ناگاتەوە.. ئەو خۆی بەتەنیا خاوەنی پێنج نازناوە و ئەو یانەیەی یاری بۆ دەکات، گەورەترین خەونی نازناوێکی چامپیۆنزلیگە.
لیۆنێل مێسی، لە کەسی یەکەم و ئەستێرەی یەکەم و درەوشاوەترینەوە، ئێستا پلەی دووەمیشی لەدەستداوە و ناچارە بەبێدەنگی یان بەو دۆخە رازی بێت کە تێی کەوتووە یان شەڕ لەسەرئەوە بکات بە سێیەمی یانەکە قبووڵی بکەن و لەوە زیاتر نەکەوێتە بەر نەفرەتی مێژوو.
مێسی چیکرد؟ ئەو یانە مێژووییە دڵخوازەکەی خۆی پشتیان تێکرد، بەناچاری دەستبەرداری بوون و پێیان گوت ئیدی تۆ دەتوانی بڕۆی، ئەو گریا و گوتی نامەوێ و ناتوانم، بەڵام هەر ناچاربوو بتوانێ، چونکە لەو ساتە ناسک و هەستیارانەدا، پاریس سانجێرمان دەرگاکانی ئامێزێکی گەرمیان بۆ لیۆ کردەوە و ئەویش وەک دوا پەناگە رازیبوو رووی تێبکات، بەڵام ئەوەی ئەو بۆی هات، زۆر جیاواز کەوتەوە لەوەی کە ئێستا دەیبینێت.
مێسی کە رۆژانێک خۆی یەکەمی هەموو شت بوو لە بارسادا، کاپتن و گوێلێگیراوترین و قسەرۆیشتووترین، ئێستا لە شوێنێکە تەنیا یەک خەمی هەیە، خەمی ئەوەی بتوانێ کەمێک بەو ئاستە بگاتەوە کە پێشتر هەیبوو، کەمێک باشتر بێت لەوەی ئێستا هەیەتی.. دەنا ئەو لە سانجێرمان نە وەک پیرەپیاوێکی بەئەزموون گوێی لێدەگیرێت و نەوەک ئەفسانەیەک تەماشا دەکرێت.. ئەو نابێتە کاپتن، نابێتە پێشەنگ، نابێتە گۆڵکار و لە لێدانی سزاکاندا دەبێ لە دوورەوە تەماشای جێبەجێکارەکان بکات و لەلێدانە راستەوخۆکاندا دەبێ دوایین کەس بێ، بیر لە جێبەجێکردنیان دەکاتەوە.
ئەوە شاراوە نییە و هەمووان هەستی پێدەکەن، مێسی لە سانجێرمان، ئەستێرەی یەکەم نییە و دووەمیش نییە، ئەو کەوتووەتە نێوان بەرداشی ئەو ناکۆکی و جەمسەرکارییەوە کە سەرێکیان بەدەست ئێمباپێ و سەرەکەی دیکەشیان بەدەست نەیمارەوەیە و بەریەککەوتن و پێکدادانەکانی هەردوو جەمسەرەکەش رۆژ لە دوای رۆژ، زیاتر مێسی دەهاڕن.
مێسی کە جاران شاڕێگای سەرکەوتن بوو، خۆری هەڵهاتووی بردنەوە بوو.. جێبەجێکاری گەیشتن بەنازناو بوو و دەبوو هەمووان پێی بڵێن کاپتنەکەمان دە وەرەو و ئەمجارەش رێچکەی سەرکەوتنێکی دیکەمان بۆ رووناک بکەرەوە، بووەتە ئەو یاریزانەی دەبێ بەردەوام حەسرەت بۆ رابردووی ناوازەی خۆی هەڵبکێشێت و لەگەڵ سەیرکردنی درەوشانەوەی ئەوانیدیکەدا، تەنیا سەرێک با بدات و جارجارەش، تۆمارکردنی گۆڵێکی پێببڕێت تا بیری بکەوێتەوە، ئەو هێشتا لە ژیان و لە یاریگەدا، بوونی هەیە.