جامی جیهانی خانمان لە هەولێر ئەنجام دەدرێت
رووداو هەولێر
یەکێتیی تۆپی پێی بچوککراوەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی فەرمی یارییەکانی یەکەمین جامی جیهانی خانمان لە شاری هەولێر بە بەشداری 11 هەڵبژاردە بەڕێوەدەبات.
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بەئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی بچوککراوەی نێودەوڵەتی، راکێشانی تیروپشکی جامی جیهانی خانمان لە شاری هەولێر ئەنجامدرا، یارییەکان رۆژی 17ـی مانگی نۆی ئەمساڵ دەستپێدەکەن و هەڵبژاردەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکران بەمشێوەیە:
کۆمەڵەی یەکەم: کوردستان، لوبنان، سویسرا، کازاخستان، ئوردن و پاکستان.
کۆمەڵەی دووەم: تونس، میسر، ئۆگەندا، هایتی و تایوان.
محەممەد دۆسەری، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بچوککراوەی نێودەوڵەتی، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "دوای ئەوەی دووجار سەردانی شاری هەولێرم کرد و لە نزیکەوە بوونی کەشێکی زۆر باش و گونجاوی ئاسایش و پێشکەوتوو لەڕووی هۆتێل و باشی ژێرخانی وەرزشی شارەکەم بینی، ئەوکات پلانی پێدانی مافی میوانداریکردنی جامی جیهانی خانمان لای من هاتە ئاراوە، دواتر لە سعودیە بڕیاری کۆتاییماندا و بێگومان یارییەکان لە پایتەختی کوردستان بەڕێوەدەچن".
بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی هەولێر ئامادەکاریی بۆ میواندارییەکی سەرکەوتوو دەکرێت، کە لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین کۆبوونەوە و دەستنیشانکردنی لیژنەکان کراوە.
دۆسەری زیاتر روونیکردەوە "بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و هەموو خۆشەویستانمان لێرە بەتەواوی هەواهەنگ و هاوکارمانن، سوپاس بۆ ئەو میواندۆستی و گیانی جوانیان کە دەیانەوێت جامی جیهانی بەجوانترین شێوە بەڕێوەببەن".