مانچێستەر سیتی بە گۆڕانکارییەوە وەرزی نوێ دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەرزی نوێی پرێمەرلیگ بۆ یانەی مانچێستەر سیتی دەستپێدەکات و یانەکە بە گۆڕانکاری و رووخسارێکی نوێ دەچێتە نێو رکابەرییەکان.
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:30 لە یاریگەی مۆلینێکس یانەی مانچێستەر سیتی یەکەم یاریی خۆی لە وەرزی نوێی پرێمەرلیگدا ئەنجامدەدات، کاتێک دەبێتە میوانی یانەی ولڤەرهامپتۆن.
یانەی مانچێستەر سیتی وەرزی رابردوو، ئەنجامەکانی خراپن و وەرزێکی سفریی لە بردنەوەی نازناو بەڕێکرد، بۆیە لە گواستنەوەی هاوینەدا، گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە رایان ئایت نوری، یاریزانی پێشووی ولڤەرهامپتۆن، تیجانی ریندەرز، یاریزانی ئەیسی میلان و رەیان شێرکی ئەستێرەی یانەی لیۆن واژۆکرد.
ستیزنز لە دوای مۆندیالی یانەکانەوە تەنیا یەک یاریی دۆستانەی ئەنجامداوە، بەڵام بۆ چوونە نێو رکابەرییەکی دوور و درێژی پرێمەرلیگ ئامادەیە.
مانچێستەر سیتی لە دوایین سێ یارییدا بەرامبەر ولڤەرهامپتۆن هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و دەیەوێت بەبردنەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ.