چامپیۆنزلیگ گەڕایەوە و چێژ و جۆشوخرۆشی هاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

چامپیۆنزلیگی وەرزی نوێ دەستپێدەکات، یەکەم یاریی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەرکەوتنی یانە سەرنجڕاکێشەکەی لەندەن و پرێمەرلیگ بەخۆیەوە دەبینێت.
 
یانەی ئارسیناڵ، بە گۆڕانکارییەکی گەورە و بە ئامانج و خەونی نوێوەوە دەچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی نوێی گەورەترین پاڵەوانێتیی ئەورووپا، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئاتلێتیک بیلباوی ئیسپانی یاری دەکات.
 
گانەرز سەرەتایەکی باشی لە دەستپێکی وەرزی نوێی پرێمەرلیگدا هەبووە و هەر زوو وەکو تیپێکی رکابەر دەرکەوت، لە چامپیۆنزلیگیشدا یانەکە دەیەوێت بەبردنەوەی یەکەم یاری هەنگاوەکانی دەستپێ بکات و بەرەو دوورترین مەودای رکابەرییەکە هەنگاو بنێت.
 
لە ریزەکانی یانە لەندەنییەکە، کەم نین ئەوانەی پێکانیان هەیە، بوکایۆ ساکا، مارتن ئۆدیگارد، کای هاڤێرتز و گابریێل جیسوس بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن، بەڵام ویلیام سالیبا گەڕاوەتەوە و لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا بەشداربووە.
 
ئاتلێتیک بیلیباو لە رکابەرییەکانی لالیگادا، دوایین دوو یاریی دۆڕاندووە و نایەوێت سێیەم یاریی لەسەریەک بدۆڕێنێت، بۆ ئەوەش چاوی لە یاریگە و هاندەرانیەتی لە پێناو بەدەستهێنانی یەکەم سێ خاڵ لە چامپیۆنزلیگدا.
 
بیلباو لە دوای چەندین ساڵ دوورکەوتنەوە ئەمجارە جارێکی دیکە لەنێو گەورەکانی ئەورووپادا خۆی دەبینێتەوە، دوای 11 ساڵ جارێکی دیکە سان مامێس میوانداری یارییەکی چامپیۆنزلیگ دەکات و تیپەکەی ئێرنێستۆ ڤالڤێردی چاوی لە بردنەوەیە، بەڵام ئامادەنەبوونی نیکۆ ویلیامز، ئەرکی ئەو راهێنەرە زەحمەت دەکات بەتایبەتیش لە هێڵی پێشەوەدا.
 
ئارسیناڵ و ئاتلێتیک بیلباو، تەنیا یەک یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ئەویشیان هاوینی ئەمساڵ بوو لە جامی ئیماراتس و ئارسیناڵ بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.