خانمانی کوردستان کۆنتڕۆڵی باسکەی عێراق دەکەن
رووداو هەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە کاژێر 16:00 یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی باسکەی عێراق لە نێوان یانەی ئەکاد عەنکاوە و یانەی غازی شیمال لەنیو هۆڵی داخراوی شەعبی بەغدا بەڕێوەبچێت.
ئەمساڵ یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بە بەشداری 12 یانە بەشێوازی چوار کۆمەڵە بەڕێوەچوو، کە کێبرکێکە هەفتەیەکە لە بەغدا بەسەرپەرشتی دەستەی کاتیی یەکێتیی باسکەی عێراق بەردەوامە.
یانەی ئەکاد عەنکاوە تیپێکی بەهێزی بۆ پاڵەوانێتییەکە هەیە و خاوەن ژمارەیەک نازناوە لە دە ساڵی رابردوودا، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە تیپەکە بەهۆی ئەوەی سائیب محەممەد، کە خەڵکی سوریایە ناتوانێت لە بەغدا ئامادە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا راهێنەرەکە رۆژانە لە رێگای سیستەمی زوومەوە لەگەڵ یاریزانەکانی کۆدەبێتەوە و رێنماییان پێدەدات.
سائیب محەممەد، راهێنەری یانەی ئەکاد عەنکاوە، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "مخابن تیپەکەم لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی عێراقە، کەچی من لەگەڵیان نیم، چونکە کارتی نشینگەی من هەولێرە و یارییەکان لە بەغدایە، یانەکەمان نووسراوی فەرمی ئاراستەی یەکێتیی باسکەی عێراق کرد، کەچی هەر وەڵامیان نەبوو، باشە کە ناتوانن ئاسانکاریمان بۆ بکەن، پاڵەوانێتیی نابێت لە بەغدا ساز بکرێت".
لە ریزەکانی یانەی ئەکاد روان جاسم، خانمە یاریزانێکی باڵا بەرزە و ئاستێکی بەرز لە یارییەکاندا پیشاندەدات، دوێنێ لە یاریی پێشکۆتای پاڵەوانێتییەکەدا ئەو یاریزانە تووشی پێکان بوو.
راهێنەرە سورییەکەی ئەکاد عەنکاوە روونیکردەوە "روان جاسم، یاریزانێکی کاریگەری تیپەکەمانە، تەندروستی باشترە و چاوەڕواندەکەم باشتربێت و یاریبکات، کارەکانی من لە بەغدا لە لایەن یاریدەدەرەکەم دەکرێن و دەمانەوێت نازناوەکە ببەینەوە".
وەرزی رابردوو یانەی غازی شیمال نازناوەکەی بردەوە و یانەی ئەکاد عەنکاوە لە پلەی دووەم هات.