چارەنووسی هەرسێ یانەکەی دەڤەری راپەڕین لە خولی نایابی کوردستاندا نادیارە
رووداو دیجیتاڵ
هەر سێ یانەکەی دەڤەری راپەڕین، کە بەشدارن لە خولی نایابی کوردستان، لە دۆخێکی خراپدان، یەکێکیان هەڕەشەی کشانەوە دەکات. یەکێکیان دەڵێت تەنیا بۆ مانەوە بەشداری دەکەین و ئەوەی دیکەشیان دەڵێت "بەڵێنمان پێدراوە پشتگیری بکرێین".
چوارقوڕنە
یانەی چوارقوڕنە بە بارودۆخیکی خراپی داراییدا تێدەپەرێت و سەرپەرشتیاری یانەکە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "پێنج رۆژی دیکە پارە نەیەت، دەکشێینەوە".
ئارام جاف، سەرپەرشتیاری یانەی چوارقوڕنە لەسەر خراپی باروودۆخی یانەکە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "تیپەکە دیناری تێدا نییە، ئەوەش وایکردووە تەنانەت هیچ کەسێکیش نایەت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی یانەکە".
ئەو سەرپەرشتیارە زیاتر بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە تەنیا 15 یاریزانانمان ماوەتەوە، ئەوانیش ئامادەن لە مووچەی وەرزی رابردوویان خۆش بن بۆ ئەوەی لە تیپەکە بەردەوام بن، بەڕاستی ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە یاریزانانی ئەم ناوچەیە چەندە دڵسۆزن بۆ تیپەکەیان".
رانیە
یانەی رانیەش هاوشێوەی یانەی چوارقوڕنە، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر هەمان کێشەیان هەبوو، بەڵام یانەکە بڕیاری مانەوەی دا. وەستا سەفەری سەرپەرشتیاریی یانەکە بە رووداو سپۆرتسی گوت "تیپێک ئامادە دەکەین تەنیا بۆ مانەوە".
وەستا سەفەر لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئەم وەرزە تیپەکەمان لە هەموو روویێکەوە تواناکانی سنووردارە، ئەم وەرزە تەنیا سێ بۆ چوار یاریزانی نوێ دەگوازینەوە، دارا محەممەدی راهێنەریش لەگەڵمان دەمێنێتەوە".
سەبارەت بەئەگەری هەبوونی کیشەی دارایی، سەرپەرشتیاریی یانەکە زیاتر گوتی "ئێمە هیچ مووچەیەکی وەرزی رابردوومان لەسەر نەماوە، ئەم وەرزەش بەرپرسانی ئەم دەڤەرە بەڵێنی تەواویان پێداوەین کە پاڵپشتیمان بکەن و هاوکارمان بن، هیوادارین بتوانین بەشدارییەکی شایستە لە خولەکەدا بکەین".
یانەی قەڵادزێ
یانەی قەڵادزێ ئامادەترین تیپی ئەم دەڤەرەیە و تاوەکو ئێستا چەند گریبەستێکیان واژۆکردووە و گرێبەستی چەند یاریزانێکیشیان نوێکردووەتەوە.
سەلام شێنەیی، سەرۆکی یانەی قەڵادزێ بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە زۆر بەم تیپەوە ماندووبووین هەتاوەکو سەرمانخست بۆ خولی نایابی کوردستان، ئێستا بە هەموو توانامانەوە هەوڵدەدەین بەشدارییەکی شایستە بکەین و دڵی هاندەرنمان خۆش بکەین، سەبارەت بە کێشەی دارایی یانەکە، بەرپرسانی قەڵادزێ بەڵێنییان پێداوین، کە گرفتی مووچەمان نەبێت، ئێمەش بڕوایی تەواومان بە بەرپرسان هەیە کە هەمیشە پاڵپشتی یانەکە بکەن".
خولی نایابی کوردستان لە 22/10 دەستپێدەکات و تاوەکو ئێستا یانەی برایەتی و هەڵۆ، کشانەوەی خۆیان لە خولی نایاب راگەیاندووە و چوارقوڕنەش تاوەکو ئێستا بڕیاریی کۆتایی نەداوە.