كۆمپانیاكان دەتوانن خۆیان بە خولەكانی كوردستان بناسێنن
سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان رایگەیاند، كۆمپانیا و ماركە بازرگانییەكان دەتوانن خۆیان بە یانە و خولەكانی كوردستان بناسێنن لە رێگەی ریكلامكردن لە پەڕاوی خولەكانی كوردستاندا.
سەفین كانەبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بوار بۆ كۆمپانیاكان دەڕەخسێنێت تا ریكلامەكانیان لە پەڕاوی خولەكانی كوردستان بڵاوبكەنەوە.
هەروەها گوتی: "یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان دەرگە لە بەردەم كۆمپانیاكانی بازرگانی واڵادەكات تاكو بتوانن لە نێو پەڕاوی ساڵانەی تۆپی پێی كوردستان، كە بە (كوراس) ناسراوە، ریكلامەكانیان بە نرخێكی گونجاو بڵاوبكەنەوە.
پەراوی یەكێتیی تۆپی پێ، خشتەی كات و شوێنی یارییەكانی سەرجەم خولەكانی كوردستان لە خۆدەگرێت، لە خولەكانی نایاب، پلە یەك، پلە دوو، پلە سێ و لاوان و تازەپێگەیشتووان و فوتساڵی كچان، هەروەها بەخۆڕایی بەسەر گشتی یانە وەرزشییەكان و دەزگە راگەیاندنەكان دابەش دەكرێت.
بە بڕوای سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان، پەڕاوی یەكێتیی تۆپی پێ هەلیكی باشە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان كاڵا و بەرهەمەكانی خۆیان بە خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی یانەكان و وەرزشوانان بناسێنن.
سەفین كانەبی گوتی: "یەكێتیی تۆپی پێ تا رۆژی 25ی ئەم مانگە پێشوازی لە كۆمپانیاكان دەكات بۆ ئەوەی سەردانی یەكێتییەكەمان بكەن و ریكلامەكانیان لە پەڕاوی خولەكانی كوردستان بڵاوبكەنەوە.
بڕیارە رۆژی 30ی ئەم مانگە خولی نایابی كوردستان بۆ تۆپی پێ بە بەشداریی 14 یانە لە وەرزی نوێی 2014-2015دا دەستپێبكات