یامال لەبەردەم ئەرکێکی مێژووییدایە

رووداو دیجیتاڵ
 
لامین یامال لە کلاسیکۆی داهاتوودا، پێویستە بەبێ رافینیا و لیڤاندۆڤسکی، سەرکردایەتی هێڵی هێرشبەریی بارسێلۆنا بکات بۆ بردنەوە لە ریال مەدرید.
 
بڕیارە رۆژی 26ی ئەم مانگە، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، کلاسیکۆی یەکەمی وەرزی ئەمساڵ، لە نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا بەڕێوەبچێت.
 
یانەی بارسێلۆنا بەدەست پێکانەوە دەناڵێنێت، 9 یاریزانی ئەو یانەیە گومان لەسەر بەشداریکردنیان هەیە لە کلاسیکۆی داهاتوودا، بارسێلۆنا شەممەی داهاتوو، رووبەڕووی جیرۆنا دەبێتەوە، ئەو یانەیە لەو یارییەدا لە تواناکانی، لیڤاندۆڤسکی، خوان گارسیا، تێر شتیگن، دانی ئۆلمۆ، رافینیا و گاڤی بێبەش دەبێت، گومانیش لەسەر بەشداریکردنی فێرمین لۆپێز، فێران تۆرێس و لامین یامال هەیە.
 
بەپێی سەرچاوەکانی ئیسپانیا بۆ کلاسیکۆ، هەریەکە لە لامین یامال، فێرمین لۆپێز و فێران تۆرێس، بەتەواوی ئامادە دەبن، بەڵام هەریەکە لە رافینیا، لیڤاندۆڤسکی، دانی ئۆلمۆ و خوان گارسیا، کە 4 یاریزانی سەرەکی و گرنگی یانەکەن، ئامادە نابن لە کلاسیکۆدا.
 
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن پێکانە زۆرەکانی بارسێلۆنا و بەشدارینەکردنی لیڤا و رافینیا، گوشارێکی زۆر دەخاتەسەر لامین. ئەو یاریزانە لاوە، ئەرکی سەرکردایەتیکردنی هێڵی پێشەوەی بارسێلۆنا دەگرێتە ئەستۆ، پێشبینی دەکرێت، لامین یامال، مارکۆس راشفۆرد و فێران تۆرێس، سییانەی هێرشبەریی یانە کەتەلۆنییەکە بن لە کلاسیکۆی ئیسپانیا.
 
میدیای ئیسپانیا، ئەم یارییەیان بە تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی بۆ لامین یامال ناوبردووە و پێیانوایە، ئەمە کاتێکی گونجاوە بۆ لامین، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە شایستەی ئەوەیە، بارسێلۆنا بەتەواوی پشتی پێ ببەستێت لە داهاتوودا.