یانەیەکی گەورەی ئەورووپا، ئێندریکی دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی مارسیلیای فەرەنسی چاودێریی ئێندریک دەکات و دەیەوێت بیباتە ریزەکانی.
میدیای فەرەنسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشکرایانکردووە، یانەی مارسیلیا بە وردی چاودێری ئێندریک، ئەستێرەی لاوی یانەی ریال مەدرید دەکات و ئەو یانەیە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بباتە فەرەنسا و لەوێ ئەستێرەی ئەو یاریزانە بەرازیلییە زیاتر بدرەوشێتەوە.
بەپێی سەرچاوە فەرەنسییەکان، نوێنەرانی مارسیلیا و ریال مەدرید لە چەند هەفتەی داهاتوودا دادەنیشن و گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ئەو یاریزانە دەکەن.
ئێندریک لەم وەرزەدا، هیچ یارییەکی لەگەڵ ریال مەدرید ئەنجام نەداوە، تەنانەت ئەو یاریزانە، هیچ خولەکێک وەکو یەدەگیش یاری پێنەکراوە، راهێنەری یانەکە، چابی ئەلۆنسۆ، تاوەکو ئێستا بە هیچ شێوەیەک پشتی بەو هێرشبەرە بەرازیلییە نەبەستووە و ئەمەش گومانەکانی رۆیشتنی ئێندریکی زیاتر کردووە.
ئێندریک لە ساڵی 2024، بە 35 ملیۆن یۆرۆ، لە یانەی پاڵمێراسی بەرازیلییەوە روویکردە یانەی ریال مەدرید، لە گرێبەستەکەیدا، چەندین مەرجی وەرزشیی جیاواز هەبوو، بەشێوەیەک دەکرا نرخی دەستەوارەکە بگاتە زیاتر لە 60 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام ئەو یاریزانە دوای ساڵێک مانەوە لە یانەی شاهانە، نەیتوانی خۆی بسەلمێنێت و ببێتە بەشێکی گرنگی پلانەکانی ئەلۆنسۆی راهێنەر.
ئێندریک تەمەنی 19 ساڵە، 37 یاری ئەنجامداوە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید و 7 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 1 ئەسیستی هەیە، لە سەرەتای ئەم وەرزە، دوای ئەوەی ئێمباپێ درێسی ژمارە 9ی جێهێشت و ژمارەکەی گۆڕی، ئێندریک درێسی ژمارە 9ی ریال مەدریدی وەرگرت.