بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتمۆند کلاسیکۆی ئەڵمانیا ئەنجام دەدەن

رووداو دیجیتاڵ

بەهێزترین یاریی ئەم وەرزەی بۆندێسلیگا، دێرکلاسیکێری نێوان بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتمۆند دەبێت لە نێو یاریگەی ئالیانز ئارێنا. رووبەڕووبوونەوەکە لەکاتێکدا هیچ کام لەو دوو یانەیە، لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەد نەدۆڕاون.
 
رۆژی شەممە کاژێر 19:30 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی بەناوبانگی 'دێر کلاسیکەر'ی ئەڵمانیا لە نێو یاریگای 'ئالیانز ئارێنا' رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. بایرن ئامانجیەتی پێشەنگییەکەی لە لووتکەدا بپارێزێت، لەکاتێکدا دۆرتمۆند بەدوای کەمکردنەوەی جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ یانە باڤارییەکە دەگەڕێت.
 
بەر لە یارییەکە، بایرن میونشن بە 18 خاڵ لە پێشەنگی بۆندسلیگایە و لە پێش بۆرووسیا دۆرتمۆندە کە بە 14خاڵ لە پلەی دووەمدایە. ئەم جیاوازییە کەمە گرنگییەکی زیاتر بە یارییەکە دەدات، چونکە دۆرتمۆند دەرفەتێکی راستەقینەی هەیە بۆ نزیکبوونەوە لە پێشەنگ، لەکاتێکدا بایرن هەوڵی لەسەر زیادکردنی خاڵی نیوانیان دەدات.
 
بایرن بە فۆرمێکی نایابەوە دەچێتە نێو یارییەکەوە، دوای ئەوەی چەندین یاریی یەک لە دوای یەکی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بردووەتەوە، هاری کەین بەردەوامە لە سەرکردایەتیکردنی هێڵی پێشەوە، بە پشتیوانی لویز دیاز و مایکل ئۆلیسێ کە رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە هێزی هێرشبردنی بایرن لەم وەرزەدا. لە هەمان کاتدا، ڤینسێنت کۆمپانی راهێنەر، بێبەش دەبێ لە تواناکانی چەند یاریزانێکی بەهۆی پێکانەوە بێبەشە، ئەوانیش ئاڵفۆنسۆ دەیڤیز،هیرۆکی ئیتۆ، جەمال مۆسیالا، جۆسیپ ستانیسیک و رافایل گورێرۆ.
 
لە بەرامبەردا، برووسیا دۆرتمۆند لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و نیکۆ کۆڤاچی راهێنەر سەقامگیرییەکی باشی لە تیپەکەدا هێناوەتە ئاراوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت یارییەکە تووند و تاکتیکی بێت، بایرن هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تۆپ و گوشارخستنە سەر تیپی بەرامبەر دەدات، لەکاتێکدا دۆرتمۆند ئامانجی سوودوەرگرتنە لە بۆشاییەکان و هێرشی خێرا بە تایبەتی بە پشتبەستن بە خێرایی کەریم ئەدیمیی هێرشبەری باڵی تیپەکە.