لە یاری نێوان خانەقین و رزگاری هێرشکرایە سەر یانەی رزگاری و یاریزانێک لەهۆش خۆی چوو
لە میانی یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی پلە یەکی کوردستان، یانەی خانەقین لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی رزگاری بووەوە و ئەنجامی یارییەکەش بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە و لەکاتی گەڕانەوە بۆ ناحییەی رزگاری هێرش کرایە سەر ئەو پاسی یانەی رزگاری.
یادگار فەتاح سەرۆکی یانەی رزگاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، چەند ماتۆڕسوارێک لە نزیک بازگەی خانەقین پاسی یاریزانانی یانەکەمانیان بەردباران کرد، جگە لەوەی زیانی زۆر بە پاسی یانەکە کەوت، هاوکات عەلی حسێنی یاریزانی یانەکەمان بەرد بەر سەری کەوت و بریندار کرا، بەهۆیەوە لەهۆش خۆی چوو، دوای ئەوەی گەیێندرایە نەخۆشخانەی خانەقین، چارەسەری پێویستی بۆ کرا و ئێستا باری تەندروستی جێگیرە".
سەرۆکی یانەی رزگاری ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە هیچ گرفتێکمان لەگەڵ یانەی خانەقین نییە و تا دووبارە بەڕێکردنەوەی کاستی یانەکەمان، لەگەڵمان بوون، لە نەخۆشخانەش سەرۆک و سەرجەم یاریزانانی خانەقین سەردانیان کردین بۆ دەربڕینی هاوخەمی، بۆیە سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک و ئەندامانی یانەی خانەقین دەکەم کە بەڕێزەوە بەڕێیان کردین".
لەلای خۆیەوە حسێن شێرزاد سەرۆکی یانەی خانەقین لە رێگەی رووداوەوە داوای لێبووردنی لە سەرجەم یاریزانانی رزگاری و کاستی هونەری یانەکە کرد و دەڵێت: "هیچ گرژییەک لەنێوان یاریزانانی هەردوو تیپ دروست نەبوو، ئێمە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە بە چەپڵەرێزان ماڵئاواییمان لە تیپی میوان کرد، بەڵام ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمە نییە کە چەند کەسێکی گێرەشێوێن، بەشێوەیەکی ناڕەوا بەردبارانی یانەی رگازی دەکەن، ئەوە لە ئاکار و رەوشتی هاندەران و وەرزشڤانانی خانەقینەوە دوورە، بۆیە ئیدانەی ئەو کارە دەکەم و داوای لێبووردنیش لە یانەی رزگاری دەکەم".
سەرۆکی یانەی رزگاری جەختیکردەوە: "سكاڵا لە دژی یانەی خانەقین تۆمار ناکەن، چونە ئەوان بە هۆکاری ئەو رووداوە نازانێت، بەڵام داوا دەکات هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە، بە زووترینکات ئەنجامدرانی ئەو هێرشەی بۆ سەر تیپەکەیان کراوە بدۆزرێتەوە و سزای خۆیان وەربگرن".
یاری نێوان رزگاری و خانەقین بە دێربی گەرمان نێوزەد دەکرێت، دوو ساڵ لەمەوبەر لە یاری نێوان هەردوو یانە لە ناحییەی رزگاری لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشکرایە سەر تیپی خانەقین.
دوای کۆتاییهاتنی گەڕی سێیەمی خولی پلە یەکەکانی کوردستان لە کۆمەڵەی دووەم رزگاری بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ و بە جیوازی گۆڵ لەگەڵ رانییە بە پلەی دووەم دێت، هەرچی یانەی خانەقینیشە بە جیاوازی گۆڵ بە پلەی سێیەم دێت و هاوشێوەی رانییە و رزگاری 7 خالی کۆکردووەتەوە".