پۆرتوگال بەبێ رۆناڵدۆ یاری دەکات و دەیەوێت بگاتە مۆندیال

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەیەوێت راستەوخۆ بگاتە مۆندیالی 2026، کاتێک بەبێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرامبەر ئەرمینیا یاری دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی شەشەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەورووپادا، هەڵبژاردەی پۆرتوگال کاژێر 17:00 لە یاریگەی دراگاو بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرمینیا یاری دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی بەشێوەی راستەوخۆ بگاتە یارییەکانی مۆندیالی 2026.
 
پۆرتوگال ئەم یارییە بەبێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەنجامدەدات، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر ئێرلەندا کارتی سووری وەرگرت و دوای ئەوەش یاریزانەکە لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال دوورخرایەوە.
 
پۆرتوگال لە پێنج یاری سێ بردنەوە، یەکسانبوون و دۆڕانێکی هەیە و خاوەنی 10 خاڵە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەدا، ئەرمینیا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و چوار یاریی دۆڕاندووە، هیچ هەلێکی نییە بۆ گەیشتن بە پاشکۆی پاڵاوتنەکانیش.
 
دوای کارتە سوورەکەی رۆناڵدۆ، هێشتا بەتەواوی دیارنییە یاریزانەکە چەند یاری رادەگیرێت، سەرەڕای ئەوەی پۆرتوگال دەیەوێت تانە لە کارتە سوورەکە بدات بۆ ئەوەی رێگری لە سزادانێکی درێژخایەنی کاپتنەکەی بکات، بەتایبەت کە دەنگۆی ئەوە هەیە ئەگەری هەیە رۆناڵدۆ دوو تاوەکو سێ یاری سڕبکرێت.
 
پۆرتوگال 8 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، باشترین ئەنجامیان لە 1966 بووە کاتێک پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا، بە سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی ئەمجارە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ جاری شەشەم لە مێژووییدا بەشداری لە مۆندیالدا دەکات.