روونی بەرداخچی رۆیشتن لە بارسێلۆنا رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

روونی بەرداخچی، یاریزانی لاوی یانەی بارسێلۆنا، هەموو هەوڵێکی رۆیشتن لە یانەکەی رەتکردەوە و دووپاتیکردەوە داهاتووی لە یانە کەتەلۆنییەکە دەبێت.
 
بەرداخچی کە هاوینی ئەمساڵ پەیوەندی بەیانەی بارسێلۆناوە کرد، دەنگۆکانی رۆیشتن لە یانەکەی رەتکردەوە و دووپاتیکردەوە لەماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا، ریزەکانی بارسێلۆنا بەجێناهێڵێت.
 
پێشتر، سەرچاوەکان ئاشکرایانکردبوو، بەهۆی کەمیی بەشداریکردن و یارییکردن لە پێکهاتەی یانەی بارسێلۆنا لە وەرزی ئەمساڵدا، بەرداخچی بیر لە رۆیشتن بەشێوەی خواستن لە یانەکە دەکاتەوە، لە کاتێکدا یانەکانی پۆرتۆ و شتوتگارت ئارەزووی خۆیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا دەربڕیبوو.
 
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، بەرداخچی هەموو ئەو پێشنیارانەی کە تایبەتبوون بەڕۆیشتنی بەشێوەی خواستن بۆ هەر یانەیەکی دیکە، رەتکردووەتەوە و پێداگری دەکات کە دەیەوێت لە بارسێلۆنا بجەنگێت بۆ وەرگرتنی متمانە و خولەکی زیاتر.
 
هەمان ئەوسەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە، هەڵوێستی بەرداخچی، بە تەواوی لەلایەن هانزی فلیکی راهێنەرەوە پشتگیری دەکرێت، کە بەپێی راپۆرتەکان بە کارگێڕی بارسێلۆنای راگەیاندووە کە نایەوێت هیچ یاریزانێکی تیپەکەی بفرۆشێت یان بە خواستن بیدات لە میرکاتۆی زستانەدا. 
 
فلیک، بەرداخچی وەک بەشێک لە پلانی درێژخایەنی یانەکە دەبینێت و پێیوایە ئەو یاریزانە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەم وەرزەدا بە تایبەتی لە کاتی پشوودان بە لامین یامال .
 
سەرەڕای رکابەریی بەدەستهێنانی شوێن و کێشەکانی تۆمارکردنی یاریزانان کە بارسێلۆنا لە مانگەکانی رابردوودا رووبەڕوویان بووەتەوە، بەرداخچی سوورە لەسەر مانەوە و سەرکەوتن لە کامپ نو. پەیامەکەی بە پڕ متمانە ناودەبرێت، ئەو دەیەوێت بمێنێتەوە و باشتر بێت شوێنی خۆی لە پێکهاتەی فلیکدا بەدەست بهێنێت.