ساموێل ئۆمتیتی: لە بارسێلۆنا ناچاربووم دەست لە هاوڕێکانم هەڵگرم


رووداو دیجیتاڵ

ساموێل ئۆمتیتی، بەرگریکەری پێشووی فەرەنسا و بارسێلۆنا، باسی لە دۆخی خراپی خۆی لە یانەی بارسێلۆنا کردووە دوای تووشبوونی بەپێکان، دەڵێ ناچاربووم واز لە هاوڕێکانم بهێنم، دەستبەرداری گۆشت و ماسی ببم، بەڵام دۆخم باشنەبوو.
 
ئۆمتیتی کە لە تەمەنی 32 ساڵیدا بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا، پاش نوێبوونەوەی پێکانەکانی لە دوای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2018 تووشی جۆرێک لە خەمۆکی بوو، ئەو دەڵێ، لە بارسێلۆنا بەپێی پێویست رێزیان نەگرتم.
 
بەرگریکارە فەرەنسییەکە، لە دوایین چاوپێکەوتندا گوتوویەتی، "من رێزی هەمووانم دەگرت لە بارسێلۆنا، بەڵام کاتێک تووشی پێکان بووم، بڕیارمدا لە دەرەوەی بارسا قۆناخی شیاندنەوە دەستپێبکەم، کەچی ئەوە زۆر خراپ لێکدرایەوە".
 
ئۆمتیتی زیاتر دەڵێ، "بابەتی چارەسەروەرگرتن لە دەرەوەی بارسێلۆنا مانای ئەوە نییە من یانەکەم خۆشنەدەویست یان متمانەم پێی نەبوو، بەڵکو ئەوەی هەبوو ئەوەبوو کە ئەو شێوازەی تیمی پزیشکیی بارسا بۆمنیان پێشنیازکرد، بۆ من نەدەبوو و ئەوەش سەرەتای کۆتایی بوو، لەبەرئەوەی ئەوکات ئیدی خەڵک دەستیان کرد بە قسەکردن لەسەر شتە ناڕاستەکان".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "لە رووی دەروونییەوە کەوتمە ژێر کاریگەرییەکی زۆرەوە، تووشی خەمۆکیی بووم و پێمباشبوو لە ماڵەوە بمێنمەوە، بەڵام خەڵک ئەوەیان نەدەزانی و پێیانوابوو ئەگەر لە سۆشیال میدیا شت بڵاونەکەمەوە، مانای ئەوەیە من هیچ ناکەم، لەکاتێکدا من رۆژانە دوو تاوەکو سێ جار مەشقم دەکرد. ئەوکات ژیانم لەدەستدا، هاوڕێکانم بەجێهێشت و لە بەرامبەردا میدیاکان بەربوونە جەستەم و تۆمەتباریان کردم بەوەی تەنیا لەپێناو پارەدا یاریی دەکەم".
 
پاڵەوانی مۆندیالی 2018 هەروەها دەڵێ، ئەژنۆم هەمووکات هەڵئاوسانی هەبوو، کتێنم دەخوێندەوە بۆ چارەسەرکردنی، وازم لە خواردنی گۆشت و ماسی هێنا، بەڵام بەداخەوە هیچکام لەو رێگایانە نەبوونە هۆکاری چارەسەر بۆ کێشەکەم، من ئەوکات زۆر تووڕەبووم، بەڵام ئێستا رقم بەرامبەر هیچ کەسێک لەدڵدا نییە.
 
ئۆمتیتی ساڵی 2023 بارسێلۆنای بەجێهێشت و روویکردە لیچیی ئیتاڵی بەشێوەی خواستن و دواتریش ماوەی وەرزێک و نیو لە لیلی فەرەنسی بوو، بەرلەوەی بەیەکجاریی واز لە یارییکردن بهێنێت.