کاپتنی زاخۆ لە ماڵپەڕی فیفا ستایشی هاندەرانی زاخۆ دەکات



رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد ئیبراهیم، کاپتنی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی فیفا ستایشی هاندەرانی یانەکەی دەکات و بە باشترین لە جیهاندا ناویان دەبات، ئەو یاریزانە دەڵێت سەرەڕای یاریکردنی لە خولەکانی کەنداو، بەڵام هاندەرانی وەک زاخۆی نەبینیووە و بەهۆی هەڵوێستە مرۆییەکانیانەوە شایەنی خەڵاتن.
 
ئەحمەد ئیبراهیم خاوەنی 118 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، باسی لەوە کردووە ماوەی 12 ساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بووە و لە خولەکانی ئیمارات، سعودیە و قەتەر یاریکردووە، بەڵام بۆ یەکەمجارە هاندەری لەو شێوەیە دەبینێت.
 
کاپتنی یانەی زاخۆ دەڵێت: "ماوەی 3 ساڵە یاری بۆ ئەم یانەیە دەکەم، بەراستی هاندەرانی زاخۆ جێگەی سەرسوڕمانن، لە هەموو یارییەکدا پشتیوانمانن و گرنگ نییە بەرامبەر یانەی گەورە یان بچووک یاری دەکەین، یاریگە بەردەوام پڕ دەبێتەوە و ئەوان تایبەتن".
 
هاندەرانی زاخۆ بەهۆی هەڵوێستیان لە یاری بەرامبەر یانەی حدود لە 13-5-2025 پاڵێوراوی خەڵاتەکەن، ئەحمەد ئیبراهیم رووداوەکە بە گەورە و بەشێک لە هەڵوێستە مرۆییەکانی هاندەران وەسف دەکات و ئاماژە بەوە دەکات لە دڵی هەموو هاندەرێکدا ماوەتەوە.
 
بەگوێرەی قسەکانی بەرگریکارەکەی زاخۆ، لە ناوچەکەیان منداڵی نەخۆش هەن و پێویستیان بە چارەسەر و هاوکارییە، هاندەران بەردەوام چالاکی ئەنجام دەدەن و دەچنە قوتابخانەکان، هاوکاری خەڵکی دەربەدەر و ئەوانە دەکەن پێویستیان بە خۆراک و دەرمانە.
 
ماڵپەڕی فیفا ئاماژەی بە ئاستە بەرزەکەی زاخۆ کردووە لە وەرزی 2024-2025 دوای ئەوەی پلەی سێیەمی خولی عێراقی بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی دوایینی جامی عێراق.
 
ئەحمەد ئیبراهیم لەبارەی شارەکەوە دەڵێت: "زاخۆ شارێکی بچووکە بەڵام دڵی هاندەرانمان زۆر گەورەیە، خەڵکێکی زۆر باشن و بەردەوام رێز لە یاریزانان و تیپی بەرامبەر دەگرن".