ئێمباپێ لە هەموو شتێک چاو لە رۆناڵدۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

تەنیا چەند مانگێکی ماوە بۆ ئەوەی خەونەکەی بێنێتەدی، کە بۆ ئەو تیپە یاری دەکات کە نموونەی بەرزی خۆی، کرسیتیانۆ رۆناڵدۆ لەوێ یاری کردووە، کیلیان ئێمباپێ دەیەوێت  درێسی ریال مەدرید لەبەربکات و چاو لە کریس بکات.
 
ئێمباپێ هەرگیز نەیشاردووەتەوە کە رۆناڵدۆ نموونەی بەرزیەتی، هەر لە منداڵییەوە، بێجگە لەوەش کاتێک لە ئاوێنەوە سەیری خۆی دەکات حەزدەکات بێجگە لە تۆپی پێ لە هەندێک کاری دیکەش لاسایی رۆناڵدۆ بکاتەوە.
 
یاریزانە فەرەنسییەکە تەنانەت لە ژەمەکانی خواردنیشیدا لاسایی کریستیانۆ دەکاتەوە، ئەو وەک دۆن رۆژانە 6 ژەم خواردن دەخوات، هەروەها سیستمێکی خۆراکیی توند جێبەجێدەکات بۆ ئەوەی پارێزگاری لە توانای جەستەیی خۆی بکات، ئەو هەندێک خۆراک ناخوات کە پزیشکان لە یاریزانانیان قەدەخەکردووە.
 
ئێمباپێ پێیوایە پارێزگاری کردن لە توانای جەستەیی کارێکی زۆر پێویست و گرنگە، بۆیە ئەو بەر لە هەر شتێک کاربوهیدرات، ریشاڵ، ڤیتامین و پرۆتینەکان بەکاردەبات، باشترین نموونەش خواردنی ماکرۆنە لەگەڵ ماسی سەلەمۆن، کە ئەم جۆری ماسییە ماسوولکە بەهێزدەکات، بەهۆی ئەوەی رێژەیەکی زۆر پرۆتین، ترشی چەوری، ڤیتامین و کانزاکانی تێدایە.
 
کیلیان ئێمباپێ وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ، زەیتی زەیتۆن، بەروبوومی ئاژەڵی، ماسی، برنج، هێڵکە و چەرەز دەخوات، زۆر بە کەمی گۆشت یان ئاردی سافکراو دەخوات.
 
ئەگەر هەر خواردنێک لە یاریزانان، بە رۆناڵدۆ و ئێمباپێشەوە قەدەخە بێت، ئەوە شەکرە، راستە وزەیەکی خێرا دەدات و لەوانەیە لە هەندێک کاتدا گرنگی هەبێت، بەڵام زۆر بەکارهێنانی رێژەیەکی زۆر چەوری دروست دەکات.
 
هەر ئەوەندە نا، بەڵکو ئێمباپێ لە هەندێک شتی دیکەش لاسایی رۆناڵدۆ دەکاتەوە، وەک چوونە نێو بەفر یان چارەسەری بە ئاوی دەریا و پشوودانی درێژ و چەندین شتی دیکەش.
 
وەک زانراوە دۆن کریستیانۆ پابەندە بە سیستمێکی تووندی خواردنەوە، کە بە پابەندبوون بەم سیستمە خۆراکییەوە، توانیویەتی هێز و توانای جەستەیی خۆی بپارێزێت و بتوانێت له تەمەنی 36 ساڵیدا ئەو هەموو یارییە بکات.
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی میرەری بەریتانی، لەشجوانی و توانای جەستەیی ئەستێرەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، پێنج هۆکار و نهێنی گرنگی لەپشتەوەیە.
 
نهێنی یەکەم ئەوەیە کە رۆناڵدۆ پابەندە بە رێجیمێک کە رێژەی پرۆتین بەشێوەیەکی بەرچاو لە لەشیدا بەرزدەبێتەوە، لە کاتێکدا دووردەکەوێتەوە لە هەموو شتێک کە شەکری تێدایە.
 
دۆن لە رۆژێکدا 6 ژەم خواردن دەخوات، دەڵێت ئەمە پێویستە بۆ هێزدان بە جەستەی.
 
بۆ نموونە لە بەیانیدا رۆناڵدۆ ژەمێکی هەمەجۆر دەخوات کە پەنیری یۆنانی و ماستی کەم چەوری لەخۆگرتووە، ئەڤۆکادۆ و لەگەڵ پارچەیەک تۆستیش.
 
کاتێک رۆناڵدۆ لە چێشتخانەکەدایە، داوای پارچە گۆشتێک دەکات، تەنانەت ئەگەر مریشکیش وەک سەرچاوەیەکی سیحری پرۆتین ببینێت.
 
نهێنی رۆناڵدۆش ئەوەیە کە ئەو رۆژانە 5 جار سەرخەوێک دەکات، بۆ ئەوەی لەشی پشوو بدات، کە بەردەوام پێویستی بە وەرزشکردن هەیە.
 
رۆناڵدۆ راوێژکارێکی تایبەت بە خەوتنی هەیە، کە کاژێر و نیوێک پێش ئەوەی بخەویت هەموو ئامێرەکان دەکوژێنێتەوە، بە تەلەڤزیۆنیشەوە.
 
رۆناڵدۆ بەوە ناسراوە کە هەمیشە پەنا دەباتە بەر چارەسەری لە رێگەی ساردکردنەوە، یان شلەی نایترۆجین، بۆ ئەوە مەبەستەش ژوورێکی تایبەتی لە ماڵەکەیدا داناوە، کە تێچووەکەی 50 هەزار پاوەندە.