ئەمشەو لە چامپیۆنزلیگدا ئاگربارانە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو گۆڵە مێژووییەیە، کە ئانتۆلی تروبین تۆماریکرد، بەهۆیەوە بێنفیکای بردە قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ و رێگەی نەدا ریال مەدریدیش راستەوخۆ سەربکەوێت، ئەمشەو جارێکی دیکە هەمان گۆڵپارێز رووبەڕووی هەمان تیپ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر مانەوە لە رکابەرییەکەدا بکەن و ریال مەدرید بەیەکجاری لە چامپیۆنزلیگ دووربخەنەوە.
یاریی چوونی قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ، لە یاریگەی دالوش بەڕێوەدەچێت، جۆزێ مۆرینیۆ، ئەو راهێنەرەی لە مەشقدان و بەڕێوەبردنی تیپدا قاڵ بووەتەوە، ئەمجارەش بەرامبەر یانەی پێشووی یاریی دەکات، بەڵام دوو یارییە و هەنگاوی یەکەم لە یاریگەی خۆیدا دەستپێدەکات.
بێنفیکا بە دۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت، لە دوای بردنەوەیان لە ریال مەدرید سێ یاریی کردووە، دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، ئەوان لەسەر ئاستی ناوخۆ هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە و دەیانەوێت یاریگەی رووناکی بەبردنەوەیەکی دیکە رووناکتر بکەنەوە، لەکاتێکدا پێویستە دووجار بەرامبەر لۆس بلانکۆس یاریی بکات، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بکات.
ریال مەدرید ئێوارەی دووشەممە گەیشتە لیسبۆنە، شەوەکەی هەواڵی مانەوەی لە پێشەنگی لالیگا پێگەیشت، کاتێک بارسێلۆنای رکابەری بەرامبەر جیرۆنا دۆڕا، ئەوان چەندە بە بردنەوەی یاریی رابردوویان لە ریال سۆسیداد ورەیان بەرزبووەوە، بە دۆڕانی رکابەرەکانیان زیاتر دڵخۆشن و ئێستا بۆ یارییەکی دیکە ئامادەن.
لۆس بلانکۆس لە تواناکانی جود بێلینگهام و رۆدریگۆ و راول ئاسێنسیۆ بێبەش دەبێت، بەڵام مەترسیدارترین هێرشبەر گەڕاوەتەوە و کیلیان ئێمباپێ بۆ مەترسی خستنە سەر گۆڵی رکابەرەکەیان بەتەواوی ئامادەیە.
جگە لەوەش ڤینیسیۆس لە دوای هاتنی ئەربێلواوە رۆژ لە دوای رۆژ لە درەوشانەوەیەکی زیاتردایە و ئامادەیە بۆ ئەوەی هاوکاریی تیپەکە بکات بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێنەوە مەدرید.
مێژوو لە بەرژەوەندی پۆرتوگالییەکانە، بێنفیکا لە 4 یارییدا بەرامبەر ریال مەدرید 3 بردنەوەی هەیە، لە یارییەکدا دۆڕاوە، تیپێک مۆرینیۆ راهێنەرایەتی بکات، بردنەوە لێی هێندە ئاسان نییە، بۆیە ئەرکی ریال مەدرید بۆ مانەوە لەنێو گەورەکاندا زەحمەتە.