بۆ یارییەکەی ئەمشەو کێشەیەک بەرۆکی ریال مەدرید دەگرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

نیگەرانییەک لە ریال مەدرید سەری هەڵداوە پێش یارییەکەی ئەمشەو چامپیۆنزلیگ، دوای ئەوەی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێز هۆشداری دایە ئەلڤارۆ ئاربێلوای راهێنەر و داوایلێکرد لە یاریی بەرامبەر بێنفیکا بەشداری بە یاریزانێک نەکات!
 
ئاستی چاوەڕوانی و دڵەراوکێ لە ناو یانەی ریال مەدرید پێش یارییە یەکلاکەرەوەکەی بەرامبەر بێنفیکا لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا روو لە زیادبوونە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترس سەبارەت بە ئاستی بەرگریکاری لاو دین هاوسن دروست بووە.
 
تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی تیپەکە، نیگەرانیی خۆی بۆ ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەر دەربڕیوە سەبارەت بە دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئەو بەرگریکارە لە هەفتەکانی رابردوودا، کە لەڕوانگەی کۆرتواوە، یاریزانەکە لەڕووی دەروونی و تەکنیکییەوە لە باشترین دۆخیدا نییە، و دوودڵی لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکان و بڕیارداندا نیشان دەدات، ئەمەش لەوانەیە باجێکی قورسی بۆ تیپەکە هەبێت لە یارییەکدا کە هیچ هەڵەیەک قبوڵ ناکات.
 
هاوسن چەند مانگێک لەمەوبەر یەکێک بوو لە سوپرایزە هەرە دیارەکانی تیپەکە، و لە پاڵەوانێتییەکانی پێشوودا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردبوو، بەتایبەتی لە مۆندیالی یانەکاندا، کە تێیدا کەسایەتی و متمانەیەکی وای نیشاندا کە لە تەمەنی خۆی گەورەتر بوو، بەڵام لە یارییەکانی دواییدا هەڵەی روون لە شوێنگرتنیدا بینراوە و لەژێر گوشاردا تووشی زەحمەتی بووە، ئەمەش نیشانەی پرسیاری لە نێو ژووری جلگۆڕینی یاریزانەکاندا دروست کردووە.
 
لە چامپیۆنزلیگدا وردەکارییە بچووکەکان جیاوازی دروست دەکەن و تیپێکی وەک بێنفیکا بێبەزەییانە نیوەی هەلەکان دەقۆزێتەوە. کاتێک ئاستی دڵی بەرگری دادەبەزێت، هەموو هێڵی بەرگری کاریگەر دەبێت و هاوسەنگییەکەی لەدەستدەدات، ئەمەش راستەوخۆ رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئاستی گشتی تیپەکە.
 
کۆرتوا گومانی لە بەهرە یان داهاتووی هاوسن نییە، بەڵکو پێیوایە پێدانی پشوویەکی کاتی بەو یاریزانە لەوانەیە گونجاوترین بڕیار بێت بۆ ئەوەی لەژێر گوشاری یارییەکی لەو شێوەیە بیپارێزێت. ئامانجەکە دوورخستنەوەی نییە، بەڵکو پاراستنی پتەوی سیستمی بەرگری و دوورکەوتنەوەیە لە هەر سەرکێشییەکی حیساب بۆ نەکراو لە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەی وەرزەکەدا.
 
بڕیاری کۆتایی لای ستافی تەکنیکی دەمێنێتەوە، بەڵام پەیامەکە بەڕوونی گەیشت؛ لەو یارییانەی کە چارەنووسی تەواوی وەرزەکە دیاری دەکەن، متمانە و سەقامگیریی بەرگری لەپێشینەی کارەکانە و هەر هەڵيیەک لەوانەیە باجێکی زۆر قورسی بۆ تیپەکە هەبێت.