مەرجی ئەنچێلۆتی بۆ گەڕاندنەوەی نەیمار بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا کەمتر لە چوار مانگ ماون بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026، بەڵام هێشتا هیچ دڵنیاییەک نییە بۆ بانگهێشتکردنی نەیمار داسیلڤا بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل.
میدیای بەرازیل ئەو مەرجانەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل ئاشکرا دەکەن کە پێویستن لە نەیمار داسیلڤادا هەبن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بانگهێشتی هەڵبژاردەکە بکرێت و لە مۆندیالی 2026 بەشداری بکات.
یەکێک لەو مەرجانە ئەوەیە، پێویستە یاریزانەکە هەلی یارییکردنی زیاتری هەبێت، لە رووی جەستەیی و هونەرییەوە بەتەواوی ئامادەبێت و ئاستی پێویست لە درێژایی یارییەکاندا پێشکێش بکات، بۆ ئەوەی متمانەی ئەنچێلۆتی بەدەستبهێنێتەوە و بانگهێشتی هەڵبژاردەکە بکرێتەوە.
کارلۆ ئەنچێلۆتی بەوە بەنێوبانگە کە تووندە لە رووی هونەرییەوە و گرنگی زیاتر بە پابەندبوون دەدات وەک لە نێوبانگ، بۆیە مەرجی ئەو ئەوەیە نەیمار زیاتر ئامادەبێت بۆ کارکردنی بە کۆمەڵ، جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لە رووی بەرگرییەوە، پابەندبوون بە تەکتیکی تیپەکە بۆ ماوەی 90 خولەک، بەبێ گەڕانەوە بۆ بیرکردنەوە لە توانای هونەری و نمایشی تاکەکەسی.
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن دەستەی هونەری هەڵبژاردەی بەرازیل بەهیچ مامەڵە لەگەڵ کەسایەتی و ئەستێرەبوون ناکات، بەڵکو هەموو بیرکردنەوەیان لای بەردەوامبوون و پابەندبوونی نێو یاریگەیە، دوای ئەوەش ئەگەر نەیمار بیەوێت بەشێک بێت لە هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیالی 2026 پێویستە پابەندیی زیاتری هەبێت، بەتایبەت کە لە تۆپی پێی نوێی بەرازیلدا هیچ بوارێک بۆ ستایشکردن لە پێناو ئەستێرەبووندا نییە.
نەیمار داسیلڤا ماوەیەکی زۆر بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتەوە، بەو هۆیەوە توانای جەستەیی و هونەریی ئەو یاریزانە دابەزی، چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر گەڕایەوە نێو یاریگەکان و بەرامبەر یانەی ڤێلۆ یاریی بۆ یانەی سانتۆس کرد.
پێشتر کارلۆ ئەنچێلۆتی، رایگەیاندبوو هەر کاتێک نەیمار بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەبوو، ئەو کاتە دەتوانین لە هەڵبژاردەکەدا بیبینین و پشتی پێببەستین.