ڤیدیۆ؛ یوڤێنتوس بە شکستێکی گەورەوە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد

رووداو دیجیتاڵ

 

ڤیاریال و چێڵسی دوایین دوو یانە بوون کە بلیتی قۆناخی هەشتی چامیۆنزلیگیان بەدەستهێنا و گەیشتنە کاروانی هەشت باشترینەکانی ئێستای ئەوروپا.
 
یانەی ڤیاریالی ئیسپانی سوپرایزێکی گەورەی کرد و یوڤێنتوسی ئیتاڵی تووشی شکستێکی گەورە کرد و لە چامپیۆنزلیگی دوورخستەوە.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چانپیۆنزلیگدا، یوڤێنتوسی ئیتاڵی لەنێو یاریگەی ئەلیانز ستادیۆم لە تۆرینۆ میوانداری ڤیاریالی کرد و بە ئەنجامێکی گەورە 0-3 پێیدۆڕا.
 
یانەی ڤیاڕیال دوای ئەوەی ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد لە نیوەی یەکەمدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی خاوەن یاریگە یەکسان بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا کوڕانی ئونای ئیمرێ بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتن و لە دوایین 14 خولەکی یارییەکەدا سێ گۆڵیان کرد.
 
سەرەتا جێرارد مۆرینۆ لە خولەکی 78 بە لێدانی سزا ڤیاریالی بە گۆڵێک پێشخست.
 
دوای 7 خولەک پاو تۆرێس گۆڵی دووەم و دڵنیابوونی بۆ یانە ئیسپانییەکە تۆمارکرد.
 
ئیتاڵییەکان خۆیان بەدەستەوەدا، بەڵام ئیسپانییەکان بەوەش رانەوەستان و لە خولەکی دووی زیادکراودا ئارنۆت گرۆنۆڤێلد بە لێدانی سزا گۆڵی سێیەمیشی تۆمارکرد.
 
بەم ئەنجامە ڤیاڕیال بلیتی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەو پێیەی یاریی چوون، کە لە ئیسپانیا کرابوو، بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهاتبوو.