ئیتاڵییەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا مێژوو دەنووسنەوە


رووداو دیجیتاڵ

چارەنووسی سەرجەم یانەکانی ئەوروپا لە چارەکی کۆتایی سەرجەم پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان یەکلابووەوە، پاشئەوەی یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی یۆرۆپالیگ و کۆنفرانسلیگ ئەنجامدران.
 
یانەکانی ئیتاڵیا، مێژوویەکی نوێیان نووسییەوە و گەڕانەوەی خۆیان لەسەر ئاستی سەرجەم پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان دووپاتکردەوە.
 
لە یۆرۆپالیگدا، دووانەی ئیتاڵی، یوڤێنتوس و رۆما گەیشتنە قۆناخی هەشت، لە کاتێکدا یانەی فیۆرێنتینا بووە تاکە یانەی ئیتاڵیا بگاتە قۆناخی هەشتی کۆنفرانسلیگ.
 
بەپێی داتاکان، ئەوە سێیەمجارە لە مێژوودا شەش یانەی ئیتاڵی دەگەنە قۆناخی هەشتی سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە یەک وەرزدا.
 
ئەم رووداوە پێشتر لە وەرزەکانی 1998 - 1999 و 1990 - 1991 روویداوە کاتێک شەش یانەی ئیتاڵی، لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان بووبن.
 
بەڵام لە وەرزی 1990 - 1991 رووداوێکی گەورەتری بەخۆوەبینی کاتێک حەوت یانەی ئیتاڵی گەیشتنە چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان.
 
ئەمساڵ لە چامپیۆنزلیگدا، هەرسێ یانەی ئینتەرمیلان، ناپۆلی و میلان گەیشتوونەتە قۆناخی هەشت و بڕیارە کاژێر 14ی ئەمڕۆ تیروپشکی قۆناخی هەشتی سەرجەم پاڵەوانێتییەکان ئەنجام بدرێت.