یاریی مان و نەمان.. گواردیۆلا بەر لە یاریی ریال مەدرید بڕیارێکی قورس دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەڕێوەدەچن، زۆرترین سەرنج لەسەر یاریگەی ئیتیحاد دەبن لە شاری مانچێستەر، کاتێک مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بەرامبەر ریال مەدریدی ئیسپانی یاریی دەکات.
لە یاریی چووندا، یانەی ریال مەدرید دوور لە هەموو چاوەڕوانییەکان، بەسەرکردایەتیی فێدریکۆ ڤاڵڤێردی، بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و شەوێکی نموونەیی پێشکێشی مەدرید و تۆپی پێی جیهان کرد و ئەمشەو دەیانەوێت هەنگاوەکانیان بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناخی هەشت تەواو بکەن.
رۆژی دووشەممە شاندی یانەی ریال مەدرید چووە مانچێستەر، هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ، جود بێلینگهام و کارێراس گەڕاونەتەوە نێو مەشقەکانی ریال مەدرید.
لۆس بلانکۆس دوایین مەشقەکانی لە مانچێستەر ئەنجامدا، کیلیان بەشداریی لە تەواوی مەشقەکاندا کرد و بەدڵخۆشییەوە دەرکەوت، بەڵام میدیای ئیسپانی دەڵێت "یاریزانەکە بەشێوەی یەدەگ بەشداری لە یارییەکەدا دەکات."
دەیڤد ئالابا و ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر بەشدارییان لە بەشێکی مەشقەکانی یانەکەدا کردووە، بەڵام جود بێلینگهام لە هۆڵی وەرزشی راهێنانی کردووە و کاتێکیش چووەتە سەر چیمەنی یاریگە، بەتەنیا راهێنانی کردووە، بۆیە ئەگەری یارییکردنی لە یارییەکەی ئەمشەودا زۆر بەهێز نییە.
پێنج یاریزانی ریال مەدرید هەڕەشەیان لەسەرە، هەریەکە لە ڤینیسیۆس جونیۆر، ئورلیێن چوامینی، دین هاوسن، جود بێلینگهام و ئەلڤارۆ کارێراس ئەمشەو کارتی زەرد وەربگرن لە ئەگەری سەرکەوتنی یانەکە بۆ قۆناخی داهاتوو یاریی ناکەن.
دوو لە هەموو چاوەڕوانییەکان، رۆژی بەر لە یارییەکە پێپ گواردیۆلا بڕیارێکی سەرنجڕاکێشی دا و کاردانەوەی زۆری دروستکرد.
بڕیاربوو دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە یانەی مانچێستەر سیتی دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامبدات، بەڵام لە ناکاو گواردیۆلا بڕیارەکەی گۆڕی و پشووی بە هەموو یاریزانەکانی دا، کەواتە رۆژێک بەر لە یارییەکە مانچێستەر سیتی هیچ مەشق و راهێنانێکی نەکردووە.
ئەمە جاری دووەمە گواردیۆلا بەر لە یارییەکی چامپیۆنزلیگدا ئەم کارە دەکات، پێشتر بەر لە رووبەڕووبوونەوەی بۆرووسیا دۆرتموند هەمان بڕیاری دابوو.
مانچێستەر سیتی پێویستە یارییەکەی ئەمشەو بە جیاوازیی سێ گۆڵ بباتەوە، بۆ ئەوەی ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بۆیە ئەرکی زۆر زەحمەتە.
یۆسکۆ گڤاردیۆل، بەرگریکاری کرواتی پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، ساڤینیۆ و ریکۆ لێویس گەڕاونەتەوە، بەڵام زەحمەتە یاری بکەن.
مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید، ئەو یارییە لە وەرزەکانی رابردووی چامپیۆنزلیگدا زۆرترینجار دووبارەبووەتەوە، هەردوو تیپ پێنج وەرزە لەسەریەک رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بەشێوەیەکی گشتی 16 جار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، ریال مەدرید خاوەنی 7 سەرکەوتنە، مانچێستەر سیتی 5 سەرکەوتنی هەیە و 4 یاریی نێوان هەردوولاش بەیەکسانبوون تەواو بووە.
ریال مەدرید 32 گۆڵی تۆمارکردووە و مانچێستەر سیتی خاوەنی 29 گۆڵە، ئەمشەو کاروانی یەکێکیان لە چامپیۆنزلیگدا تەواو دەبێت و ئەوەی دیکەیان لەنێو گەورەکانی ئەورووپادا دەمێنێتەوە.