پاریس ورەی بەرزە و شەوێکی ئاڵۆز چاوەڕێی چێڵسییە
رووداو دیجیتاڵ
پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ لە لەندەن دەبێت و ئەمشەو بەدوای تەواوکردنی هەنگاوەکانیدا دەگەڕێت بەرەو گەیشتن بە قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
شەوی سێشەممە کاژێر 23:00 یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی چێڵسی یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
لە یاریی چووندا، پاریس سانجێرمان بردنەوەیەکی گەورەی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ تۆمارکردووە، ئەوان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاریی دەکەن، بەڵام تاڕادەیەک ئەرکیان ئاسانە بەوپێیەی پێویستە بە جیاوازیی سێ گۆڵ بدۆڕێت تاوەکو بلۆز دەتوانێت بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکە.
شەوی دووشەممە پاریسییەکان لە ستامفۆرد بریچ دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بە سەرکردایەتی عوسمان دێمبێلێ ئەنجامدا و تیپەکەی لویس ئێنریکێ بۆ شەوێکی دیکەی چامپیۆنزلیگ ئامادەیە.
پاریس بۆ یارییەکە بەتەواوی ئامادەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی پێشبڕکێکیانی خولی فەرەنساوە، یارییەکەیان بەرامبەر نانت دواخرا، ئەمەش هەلێکی دیکەی دایە تیپەکە بۆ ئەوەی باشتر خۆی ئامادەبکات.
جگە لە فابیان رۆیز کە پێکانی هەیە، ئەستێرەکانی پاریس ئامادەن و دەیانەوێت لە لەندەنەوە خۆیان بگەیێننە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.
لەلایەن خۆیەوە یانەی چێڵسی، دوای دۆڕانی لە دوایین یاریی پرێمەرلیگدا بەرامبەر نیوکاسڵ، ئەمجارە لە ئەرکێکی قورسی کیشوەریدا یاریی دەکات و پێویستی بەبردنەوەیە بە ئەنجامێکی گەورە بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتییەکەدا بمێنێتەوە.
تیپەکەی لیام رۆسێنیۆر، چەند رۆژێکی کەم بەر لە یارییەکەی بەرامبەر پی ئێس جی، لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر نیوکاسڵ دۆڕا، دۆڕان لە یارییەکەی ئەمشەودا و کرانە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگ، دەبێتە هۆکاری گەڕانەوەی تیپەکە بەرەو دواوە و دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم ئەو هەنگاوە باشانەی لە دوای هاتنی راهێنەرەکەوە گیراونەتەبەر.
ریس جەیمس، جەیمی گیتێنس، لێڤی کۆلویل پێکانیان هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، ئێستێڤاو گەڕاوەتەوە نێو مەشقەکان، بەڵام دیارنییە یاریی دەکات یان نا.
هەردوو تیپ 10 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، 4 جار پاریس سانجێرمان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، 3 جار چێڵسی و 3 یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.