لە سەمای دوومانەوە بۆ شەوێکی دیکەی چامپیۆنزلیگ
رووداو دیجیتاڵ
دوای بردنەوە گرنگەکەیان بەرامبەر ئێڤەرتۆن و نزیکبوونەوە لە بەدەستهێنانی پرێمەرلیگی ئەم وەرزە، جارێکی ئارسیناڵ لە چامپیۆنزلیگدا دەردەکەوێتەوە و دەیەوێت بگاتە قۆناخی هەشت.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، ئەمشەو لە یاریگەی ئیماراتس لە لەندەن، گانەرز میوانداریی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی دەکات.
یاریی چوون لەنێوان هەردوو تیپ بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات و لەندەنییەکان لە دوایین خولەکەکاندا خۆیان لە دۆڕان لەو یارییە رزگار کرد، بۆیە ئەمشەو دەیانەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرن بۆ ئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا بەردەوامی بە پێشڤەچوونەکانیان بدەنە و بگەنە قۆناخی داهاتوو.
ئەوەی ئارسیناڵی خستە نێو کەشێکی ئارامتر و دڵخۆشییەکی زیاتر، ئاستە بەرزەکەی ماکس دوومانی 16 ساڵ بوو، دوای ئەوەی بەرامبەر ئێڤەرتۆن گۆڵی بردنەوە و یەکلاکردنەوەی یارییەکەی تۆمارکرد و تیپەکەی زیاتر لە بردنەوەی پرێمەرلیگی ئەم وەرزە نزیککردەوە.
یورین تیمبەر، مارتن ئۆدیگارد و مێکێل مێرینۆ بەهۆی پێکانەوە ناتوانن خزمەتی پلانەکانی میکێل ئارتێتا بکەن.
بایرلیڤەرکوزن لە سێ یاریی رابردوودا لەسەر ئاستی ناوخۆ و چامپیۆنزلیگ یەکسانبووە، ئەوان دوای یەکسانبوونەکەیان بەرامبەر بایرن میونشن بۆ شەوێکی زەحمەت لە لەندەن دەبن، چاویان لەوەیە ئەوەی لە یاریگەی خۆیان پێیان نەکرد لە دەرەوە بیکەن، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە.
لوکس ڤاسکێز، لویک بادێ، ئارسەر، ئالیس بن سەغیر و مارک فلیکنی گۆڵپارێزی یانەکە پێکانیان هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
هەردوو یانە تەنیا سێ یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ئەمە دووەم گەشتی ئەڵمانییەکان دەبێت بۆ یاریگەی ئارسیناڵ، پێشتر لە وەرزی 2001/2002 لە چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکبوونەوە و ئارسیناڵ 4-1 لە لیڤەرکوزنی بردەوە.