بۆدۆ دەیەوێت چیرۆکە مێژووییەکەی جوانتر بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بۆدۆ گلیمتی نەرویجی دەیەوێت درێژە بە هەژەندە سەرنجڕاکێشەکانی بدات و قۆناخێکی دیکەی چامپیۆنزلی ببڕێت.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، ئەمشەو بۆدۆ گلیمت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە خۆسێ ئالڤالادێ بەرامبەر سپۆرتینگ لیسبۆنەی پۆرتوگالی یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە یاریی چووندا بۆدۆ لە یاریگەی خۆیدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هەنگاوێکی گرنگ لە سەرکەوتنێکی مێژوویی نزیکبووەتەوە، ئەگەر ئەمشەو یانەکە بگاتە قۆناخی داهاتوو، دەبێتە یەکەمجار تیپەکە بگاتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، لە کاتێکدا یەکەمجارە بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا بکات.
 
بۆدۆ ئێستا خاوەنی چیرۆکێکی زۆر جوانی چامپیۆنزلیگە، ئەوان لە مانچێستەر سیتی، ئاتلێتیکۆ مەدرید، دوو جار لە ئینتەرمیلان و جارێک لە سپۆرتینگ لیسبۆنەیان بردووەتەوە و دەیانەوێت لەسەر جوانترکردنی چیرۆکەکەیان بەردەوامبن.
 
یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ ئەوەی دەست بەو هیوا کەمەوە بگرێت کە بۆ ئەنجامدانی ریمۆنتادا هەیە و دەیگەیێنێتە قۆناخی هەشت.
 
سپۆرتینگ بۆ ئەوەی باشتر خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەبکات، یارییەکەیان لە خولی پۆرتوگال بەرامبەر تۆندێلا دواخرا و پێویستە ئەمڕۆ بە جیاوازیی سێ گۆڵ بیباتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکە.
 
یانەی رۆزنبۆرگ یەکەم یانەی نەرویجییە لە وەرزی 1996/1997 گەیشتبێتە قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و ئەگەر ئەمشەو بۆدۆ گلیمت سەربکەوێت دەبێتە دووەم یانەی نەرویجی لە مێژوودا ئەو دەستکەوتە بەدەستبهێنێت.