ئەنچێلۆتی پەیامێکی کۆتایی ئاراستەی نەیمار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ئەوەی ناوی نەیمار داسیلڤا، گۆڵکاری مێژوویی سیلیساو، لە لیستی هەڵبژاردەی بەرازیلدا نەبوو، میدیاکان جەختیان لەسەر قسەکردن لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی کردەوە سەبارەت بە هۆکارەکانی بڕیارەکەی بەرامبەر ئەستێرەکەی پێشووی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان.
 
ئەنچێلۆتی ئێوارەی دووشەممە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی بەرازیلی بۆ دوو یاریی دۆستانە بەرامبەر فەرەنسا و کرواتیا راگەیاند، کە بڕیارە لە 26 و 31ـی ئەم مانگە ئەنجام بدرێن، وەک دوا تاقیکردنەوەی پێش راگەیاندنی فەرمیی لیستی کۆتایی کە بەشداری لە مۆندیالی 2026ـدا دەکەن.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە کۆمەڵەی سێیەمی مۆندیال دایە، کە هاوینی داهاتوو لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، و لە قۆناخی یەکەمدا رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی مەغریب، هایتی و سکۆتلاندا دەبێتەوە.
 
پەیامێک بۆ نەیمار 
 
هەرچەندە ئەمە دوا لیستی هەڵبژاردەی بەرازیلە پێش راگەیاندنی لیستی کۆتایی مۆندیال لە 18ـی ئایاری داهاتوو، کارلۆ ئەنچێلۆتی روونیکردەوە کە هەر یاریزانێک دەبێت لە لایەنی جەستەییەوە بەتەواوی ئامادە بێت تاوەکو بانگهێشت بکرێت.
 
کاتێک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا پرسیاری لێکرا ئایا یاریزانێک کە لەم لیستەدا نییە دەتوانێت بەشداری مۆندیال بکات؟ ئەنچێلۆتی وەڵامی رۆژنامەنووسەکەی دایەوە و پرسیاری لێکرد ئایا مەبەستی یاریزانێکی دیاریکراوە؟ رۆژنامەنووسەکەش ناوی نەیماری هێنا.
 
بەپێی ماڵپەڕی گلۆبۆی بەرازیلی، ئەنچێلۆتی گوتی "لەوانەیە نەیمار لە مۆندیالیشدا ئامادە بێت، ئەگەر گەیشتە لووتکەی ئامادەیی جەستەیی، ئەوا لەوێ دەبێت".
 
لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "بۆچی لەم لیستەدا نییە؟ چونکە لەڕووی جەستەییەوە بەتەواوی ئامادە نییە. ئێمە ئێستا پێویستمان بە یاریزانێکە 100٪ ئامادە بێت، بەڵام وەک گوتم، لیستی کۆتایی جیاواز دەبێت. نەیمار دەبێت بەردەوام بێت لە مەشق و یاریکردن، و تواناکانی خۆی نیشان بدات و لە دۆخێکی جەستەیی باشدا بێت".
 
پەیوەندی ئەنچێلۆتی و نەیمار.. قسەی کۆتایی 
 
راهێنەرە پێشووەکەی ریال مەدرید گوتیشی "ئەمە هەڵسەنگاندنێکی جەستەییە، نەک هەڵسەنگاندنێکی تەکنیکی. نەیمار بە تۆپەوە ئاستێکی زۆر باش پێشکەش دەکات. بۆ ستافی تەکنیکی و بۆ منیش بە کەسی، ئەو هێشتا نەگەیشتووەتە هەموو تواناکانی. پێویستە هەوڵێکی زۆر بدات بۆ گەیشتن بەوە. ئەمە رای من و هەموو ئەندامانی ستافەکەیە کە چاودێری یارییەکانی دەکەن لە مانگەکانی داهاتوودا".
 
ئەنچێلۆتی جەختی کردەوە "وەک دەزانن، لە مانگی ئەیلوولدا قسەم لەگەڵ کرد کاتێک چووم بۆ ساوپاولۆ و بینیم. ئێمە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەین. پێویست ناکات باس لەو کاتە بکەم. دەمەوێت پەیوەندیم لەگەڵ ئەو وەک هەموو یاریزانەکانی دیکە بێت. من بە بەردەوامی قسە لەگەڵ یاریزانەکان ناکەم".
 
ئامادەبوونی ئەنچێلۆتی و ئامادەنەبوونی نەیمار
 
ئەنچێلۆتی گوتی کە چووە بۆ بینینی یاری میراسۆڵ و سانتۆس و خۆی لە قسەکردن لەسەر ئامادەنەبوونی نەیمار پاراست "بڕیار بوو بچم بۆ میراسۆڵ بۆ بینینی یارییەکەیان بەرامبەر سانتۆس، هەروەها وەک رێزێک بۆ یاریزانانی هەردوو تیپ و شاری میراسۆڵ کە بەگەرمی پێشوازییان لێکردین. نەیمار یاری نەکرد و دەبێت رێز لەوە بگرین. هیچ قسەیەکی دیکەم نییە لەو بارەیەوە. حەزدەکەم تا بۆم بکرێت بە شێوەیەکی کەسی بچمە نێو یاریگاکان".
 
دەرکەوتنێکی بێدەنگ.. نەیمار و کۆرینسیانس
 
نەیمار لەژێر چاودێری یاریدەدەرەکانی ئەنچێلۆتی 'مینۆ فۆلکۆ و فرانشیسکۆ ماوری' و راهێنەری گۆڵپارێزەکان  کلاودیۆ تافارێل بووە لە کاتی یاریی دێربی بەرامبەر کۆرێنسیانس لە یاریگای ڤیلا بێلمیرۆ.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، دوا یاری نەیمار پێش ئاشکراکردنی لیستی بەرازیل- بێدەنگ بوو و وەک یارییەکەی ڤاسکۆ داگاما کاریگەر نەبوو، کە تێیدا دوو گۆڵی بۆ سانتۆس تۆمارکردبوو.
 
بەرامبەر کۆرێنسیانس، نەیمار تەنیا سێ شووتی بۆ سەر گۆڵ هەبوو، دوانیان لێدانی راستەوخۆ بوون و سەرکەوتوو نەبوون. لە هەلی سێیەمیدا بەسەر ویستی گۆڵ تۆمار بکات، بەڵام تۆپەکە بە لای ستوونەکەدا رۆیشت.
 
نێیمار لەم وەرزەدا چوار یاری بۆ سانتۆس کردووە، دوو گۆڵ و یەک ئەسیستی هەیە، شایەنی باسە بەشێکی سەرەتای وەرزی بەهۆی نەشتەرگەری ئەژنۆی چەپی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەدەستداوە.