ئەمشەو مەترسییەکی گەورە لەسەر ریال مەدریدە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئەستێرەکانی ریال مەدرید هەیە لە شەوی یەکلاکردنەوەدا و ئەگەر کۆمەڵێک لە یاریزانەکانی یانەی شاهانە وریا نەبن لە بەشداریکردن لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بێبەش دەبن، ئەگەر ریال مەدرید سەربکەوێت.
یاریگای ئیتحاد خۆی ئامادە دەکات بۆ میوانداریکردنی رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاستبەرز لە نێوان مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆ وەرزی 2025-2026.
تیپە شاهانەکە هەنگاوێکی گەورەی بەرەو قۆناخی چارەکی کۆتایی ناوە دوای ئەوەی لە یاریی چووندا کە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، بەئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.
ئەم سەرکەوتنەی مەدرید بەهۆی درەوشانەوەی سەرنجڕاکێشی ئەستێرەی ئۆرۆگوایی، فێدیریکۆ ڤاڵڤێردی بوو، کە یەکێک لە باشترین یارییەکانی بە درێسی ریال مەدرید پێشکەش کرد و توانی هاتریک تۆماربکات؛ ئەمەش وایکرد مێرێنگی بە دەروونێکی ئاسوودەوە بەرەو یاریی گەڕانەوە لە شاری مانچێستەر بڕوات.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاشکرای کردووە کە چوار یاریزانی ریال مەدرید بە مەترسیی بێبەشبوون لە قۆناخی داهاتوو دەچنە ناو یارییەکەوە، ئەگەر بێتو کارتی زەرد وەربگرن.
ئەم چوار یاریزانە بریتین لە: ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئۆریلیێن چوامینی، دین هاوسن و ئەلڤارۆ کارێراس. ئەم یاریزانانە بەوریاییەکی زۆرەوە یاری دەکەن بۆ ئەوەی تووشی سڕکردن نەبن لە قۆناخی چارەکی کۆتایی، ئەگەر ریال مەدرید سەرکەوت بۆ قۆناخی داهاتوو.
وەک شرۆڤەکاران باسی دەکەن، ئەو چوار یاریزانەی مەترسییان لەسەرە، هەمووان زۆر گرنگن لە پێکهاتەی ئەلڤارۆ ئەربێلوادا، بۆیە پێویستە ئەمشەو زۆر بەوریایی یاری بکەن، بۆ ئەوەی لە یاریی دهاتوویان بێبەش نەبن، ئەگەر سەرکەون بۆ قۆناخی هەشت، بەتایبەتیش کە بەئەگەری زۆرەوە بەرامبەر بایرن میونشن دەبێت.