یاریزانێکی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس: نازانین کێ دەستەی کارگێڕییە

17-04-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هەڵسوکەوتی ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، یاریزانانی یانەکەیان نیگەرانکردووە، پاشئەوەی لە دوایین شکستی تیپەکەدا، هیچ کام لە ئەندامانی یانەکە، دڵنەوایی یاریزانەکانیان نەداوەتەوە.
 
یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی نەفتی کرد و یارییەکەی بەئەنجامی 2 - 3 گۆڵ دۆڕاند، پاش یارییەکە هیچ ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەکە بۆ دڵنەوایی دانەوە و پشتگیری یاریزانەکان، نەچوونەتە ژووری جلگۆڕینی تیپەکە.
 
یاریزانێکی یانەی هەولێر، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە 'رووداو سپۆرتس'ی راگەیاند، "نازانین کێ دەستەی کارگێڕییە، بەڕاستی نازانین، کاتێک دەدۆڕێین یان تیپەکە لە رووی دەروونییەوە خراپە، پێویستە کەسێک لە یانەکە بێتە لامان و قسەمان بۆ بکات، ئێمە دوێنێ دۆڕاین و کەس نەهات دڵنەواییمان بکات، یان ورەمان بەرز بکاتەوە، تەنیا یەک کەس هەیە لەدەستەی کارگێڕیی بەو شێوەیە هەڵسوکەوت ناکات، ئەویش کاک کامەرانە، لەو بترازێ کەسی دیکە لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یارمەتیدەر نییە". 
 
وەک ئەو یاریزانە ئاشکرایکردووە، لە دوای یارییەکان، وەک باوێک، ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە دەچنە لای یاریزانان و ئەگەر براوەبووبن، دەستخۆشییان لێدەکەن و ئەگەر دۆڕابن، پشتگیریی خۆیانیان بۆ دووپاتدەکەنەوە و هانیان دەدەن بۆ بەردەوامبوون و باشبوون.
 
هەولێر لە دوایین پێنج یاریی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەسەر یاریگەی خۆی، سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە، تیپەکە لە پلەی دوانزەی ریزبەندی گشتیی خولەکەیە بەکۆکردنەوەی 35 خاڵ.
 
یاریزانەکەی هەولێر دووپاتیدەکاتەوە کە جارێکی دیکە کێشەی مووچە لە تیپەکەدا سەریهەڵداوەتەوە، ئەو دەڵێ، "لە سەرەتای وەرز چونکە کێشەی داراییمان نەبوو، لە پلەی یەکەم بووین یاخود بەلایەنی کەمەوە لە تۆپ چواری ریزبەندییەکە بووین، بەڵام کە پارە نەما، درز کەوتە تیپەکەمان و رۆژ لە دوای رۆژ لاواز بووین، پێشمان وانەبێت کێشەکە چارەسەر بووە، ئەمڕۆ دەبێتە 17 رۆژ کە مووچە دوواکەوتووە و تاوەکو ئێستاش دیار نییە کەی مووچە دەدرێت". 
 
ئەنجامە خراپەکانی هەولێر لە چەند یاریی رابردوودا، رەنگدانەوەی لەسەر ژمارەی ئامادەبوونی هاندەری ئەو یانەیە لە یاریگەدا هەبووە. لە دوایین یاریی یانەکەدا بەرامبەر نەفت، بەشێکی زۆری کورسییەکانی یاریگەی فرانسۆ هەریری بەچۆڵی بینران، لە کاتێکدا چەند مانگێکی کەم لەمەوبەر، کاتێک ئەنجامەکانی تیپەکە باشبوون، یاریگەی هەولێر پڕ دەبوو لە هاندەر.
 
کەمبوونەوەی هاندەران، کاریگەریی لەسەر دەروونی یاریزانانی یانەکە دروستکردووە، ئەو یاریزانە دەڵێ، "دوێنێ کاتێک بینیم ئەو رێژە هاندەرە کەمە لە یاریگەیە، تووشی سەرسوڕمان بووم، بەڵام هاندەر ئەنجامی دەوێت، ئەوان حەقی خۆیانە و هەوڵدەدەین ئەنجاممان باشتر بکەین". 
 
هەولێر ئەمساڵ بەدۆخێکی ئاوارتە و زنجیرەیەک گۆڕانکاریی و ناسەقامگیری لەسەرئاستی کارگێڕیی و هونەری گوزەر دەکات و ئێستا یانەکە لەلایەن دەستەیەکی کارگێڕیی کاتییەوە بەڕێوەدەبرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە