ڤیدیۆ؛ هاندەرانی دۆرتموند و شالکێ کارێکی جوانیان ئەنجامدا

رووداو - هەولێر

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی یارییەکانی بوندێسلیگا رێکارەکانی خۆ پارێزی لە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن یانەکانەوە سەرنجی هەموو لایەکیان راکێشا، بەڵام سەیرکردنی یاریی نێوان دۆرتموند و شالکێ، لەلایەن هاندەرانەوە زیاتر جێگەی سەرنجە.

هاندەرانی هەردوو یانە بەدرێسی یانەکانیانەوە و بە ئۆتۆمبێلەکانیان چوونە گوڕەپانێکی گەورە و لە سینەمای ریکلینگهاوزن و هەر لەنێو ئۆتۆمبێلدا سەیری یارییەکەیان کرد.

شاشەیەکی ئێل ئیدی بە گەورەیی 100 مەتر چوارگوشە بۆ هاندەران دانرابوو، لە رێگەی ئەو شاشەیەوە هاندەران چێژیان لە یارییەکە وەرگرت و دیمەنەکانی یارییەکەیان بۆ دووبارەدەکرایەوە.

میرکۆ سیمنۆڤیچ، رێکخەری ئەو چالاکییە بووە و دەڵێت، پەخشکردنی تۆپی پێمان لە رێگەی سینەماوە تاقیکردەوە و تاقیکردنەوەکەش سەرکەوتوو بوو، خەڵک دڵخۆشن، بەوەی جارێکی دیکە تۆپی پێ دەبیننەوە چێژ وەردەگرن.

یارییەکانی خولی ئەڵمانیا وەک یەکەم خولی گەورەی ئەوروپا دەستیپێکردەوە، بەڵام رێگە بە ئامادەبوونی هاندەران نادرێت، بۆیە هاندەرانی هەردوو یانە لەنێو ئۆتۆمبێلدا سەیری یارییەکەیان دەکرد و بە هۆڕن لێدان گوزارشتیان لە خۆشییەکانیان دەکرد.