پاڵنەرێکی بەهێز بۆ رۆیشتنی رۆناڵدۆ
رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕ بەبێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یارییکرد و بەشێوەیەکی فەرمی لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا بێهیوا بوو و ئەمەش وادەکات کریستیانۆ رۆناڵدۆ بیر لە بەجێهێشتنی یانەکە بکاتەوە.
یانەی نەسڕ بەبێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یارییکرد و بەشێوەیەکی فەرمی لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا بێهیوا بوو و ئەمەش وادەکات کریستیانۆ رۆناڵدۆ بیر لە بەجێهێشتنی یانەکە بکاتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 32ـی خولی سعودیە، یانەی نەسڕ لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر تەعاون یارییکرد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هاوشێوەی یاریی رابردوو یاریی نەکرد.
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا هەردوولا چەند هێرشێکیان بردە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام تۆڕ نەهەژێنرا و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
لە خولەکی 50 ئۆتاڤیۆ بەلێدانی سەر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ نەسڕ تۆمارکرد.
لە خولەکی 70 رۆجێر مارتینێز ئەنجامەکەی بۆ تەعاون یەکسانکردەوە، یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، نەسڕ چووە پلەی چوارەم، بەشێوەیەکی فەرمی ناگاتە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، رکابەری لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی دووەم یان جامی کەنداو دەکات، کە ئەمیان دهۆک ئەمساڵ تێیدا بووەتە پاڵەوان.
نەسڕ لە کاتێکدا کە دوو گەڕ ماون خولی سعودی کۆتاییبێت و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە، بەتەواوی لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ بێهیوا بوو، یانەی ئیتیحاد وەکو پاڵەوان، هیلال خاوەنی پلەی دووەمە و ئەهلیش بەهۆی ئەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە هەرسێ بلیتەکەی سعودیە لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا بۆ خۆیان دەبەن، بەمەش نەسڕ هیچ هیوایەکی بۆ بەشداریکردن لەو پاڵەوانێتییەدا نەماوە.
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی نەسڕ دەڵێت "ئەمە بیانوو نییە، بەڵام یاریی نەکردنی رۆناڵدۆ و سیمیکان کاریگەریی لەسەر یارییەکە هەبوو، سەرنەکەوتنمان بۆ چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا شتێکی زۆر ناخۆش و بێزارکەرە و بەداخەوە کە وەرزی داهاتوو بەشداری ناکەین."
دوای ئەوەی یانەی نەسڕ نەیتوانی بگاتە خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بیر لە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکە دەکاتەوە، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی چەند رۆژێکی کەمی ماوە کۆتاییبێت.
رۆناڵدۆ تەمەنی 40 ساڵە، گرێبەستەکەی لە 30ـی مانگی داهاتوو لەگەڵ نەسڕ کۆتاییدێت، یانەکە دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام رۆناڵدۆ داواکاریی زۆری هەیە و داوایکردووە یانەکە راهێنەری یانەکە بگۆڕێت، چەند یاریزانێک بەڕێبکات و یاریزانی نوێ بگوازێتەوە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا بەهێزتر بگەڕێنەوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بێهیوابوونی نەسڕ بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا، دەکرێت بیرکردنەوەی رۆناڵدۆ بۆ مانەوە لە یانەکەدا بگۆڕێت، بەتایبەت کە یانەی چێڵسی بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ دۆن دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە مۆندیالی یانەکاندا یاری بۆ ئەو یانەیە بکات.