بێلینگهام: دەتوانین نازناوێک ببەینەوە


رووداو دیجیتاڵ

جود بێلینگهامی ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید، ویستی خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان لە هاوینی ئەمساڵدا دەبڕی و گوتی ریال مەدرید دەتوانێت نازناوێک بباتەوە.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا میوانداریی مۆندیالی یانەکان دەکات لە هاوینی ئەمساڵدا بەبەشداری 32 یانە. ریال مەدرید یەکێکە لە تیپە بەشدارەکان.
 
یانە ئیسپانییەکە هیواخوازە وەرزە بێدەستکەوتەکەی رزگار بکات، پاشئەوەی لالیگا و جامی شای ئیسپانیای بەبارسێلۆنای رکابەری مێژوویی دۆڕاند و لە چامپیۆنزلیگیش لەسەردەستی ئارسیناڵی ئینگلیزی لە قۆناخی چارەکی کۆتایی دەرکرا.
 
جود دەڵێ، هەلی بردنەوەی نازناوێکی جیاوازمان هەیە، ئەمە راستییەکەیە، ئێمە دەمانەوێت ببینە یەکەم یانە ئەو نازناوە دەباتەوە، پێموایە ریال مەدرید شایستەی ئەو جۆرە نازناوەیە.
 
هەروەها دەڵێ، "هەلی یارییکردنمان لە شوێنێک هەیە کە بەردەوام یاریی لێ ناکەین کە ئەمریکایە. هەروەها بەرامبەر ژمارەیەک رکابەر کە هەلی رووبەڕووبوونەوەیانمان کەمە، لەبەرئەوە پاڵەوانێتییەکە خاڵی پۆزەتیڤی زۆری تێدایە".
 
بێلینگهام پێیوایە هەموو یارییەکانی تیپەکەی نایاب دەبن، چونکە ریال مەدرید لە هەموو شوێنێک هاندەری هەیە. ئەو دەڵێ لەماوەی ئامادەکاریی وەرزدا لەوێبووین و بینیمان وەرز دوای وەرز ژمارەی هاندەران زیاتر دەبێت.
 
لە مۆندیالی یانەکاندا، ریال مەدرید لە کۆمەڵەی هەشتەم یارییدەکات کە یانەکانی هیلالی سعودی، پاچوکای مەکسیکی و رێد بوڵ سالزبۆرگی نەمساییش لەخۆ دەگرێت.
 
مۆندیالی یانەکان لە 15ی شەش دەستپێدەکات و لە 13ی حەوتی ئەمساڵ کۆتایی دێت.