لویس ئینریکێ: هیوای سەرکەوتن بۆ ئەنچێلۆتی و هەڵبژاردەی بەرازیل ناخوازم


رووداو دیجیتاڵ

لویس ئینریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، باسی لە رۆیشتنی کارلۆ ئەنچێلۆتی لە مەشقدانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و رووکردنە هەڵبژاردەی بەرازیل کرد و گوتی هیوای سەرکەوتنیان بۆ ناخوازم.
 
ئینریکێ، کە لەگەڵ تیپەکەی خۆی بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەرمیلانی ئیتاڵی ئامادە دەکات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەنچێلۆتییەوە دەڵێ، "پێموانییە هیچ راهێنەرێک هەبێت هاوتای ئەنچێلۆتی کاروانێکی مەزنی هەبێت، ئەو کەسێکی ناوازەیە لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگا".
 
ئینریکێ کە ئەمساڵ نازناوی خولی فەرەنسای لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێناوە و لە یاریی کۆتایی جامی فەرەنساشە، لەبارەی ئەنچێلۆتییەوە دەڵێ، "روونە کە من هیچ ئومێدێکی سەرکەوتن بۆ بەرازیل و ئەنچێلۆتی ناخوازم لەبەر هەڵبژاردەی وڵاتەکەی خۆم، من هیوای سەرکەوتن بۆ وڵاتەکەی خۆم دەخوازم، بەڵام لایەنی پۆزەتیڤ ئەوەیە کە ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە بتوانێت مەشقی هەڵبژاردەی بەرازیل بدات، ئەوە رووداوێکی زۆر پۆزەتیڤە".
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی لەدوای کۆتایی هاتنی رکابەرییەکانی وەرزی ئەمساڵی لالیگا، مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل وەردەگرێت و بەرازیلییەکان ئومێدەوارن لەگەڵ میستەردا، سیلیساو ئاستی جارانی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.