رۆناڵدۆ دەیەوێت گورزێک لە بارسێلۆنا بدات
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە ئامانجێکی بارسێلۆنا بکەنە ئامانج و گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەیەکی دیاری پرێمەرلیگ بکەن.
رۆناڵدۆ کە هێشتا گرێبەستەکەی نوێ نەکردووەتەوە، کۆمەڵێک مەرجی هەیە بۆ ئەوەی رازی بێت بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە یاری بۆ نەسڕ بکات، کە بریتین لە دەرکردنی هەندێک یاریزان و گرێبەستکردن لەگەڵ هەندێکی دیکە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، داوایەکی ئاراستەی کارگێڕیی یانەکەی کردووە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی لیڤەرپوول بخرێتە نێو پێکهاتەکەیەوە.
رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی نەسڕ کێشەی زۆری هەبووە، تیپەکە لە هەموو ئەو پاڵەوانێتیانەدا دەرکرا کە بەشداریی تێدا کردن، لەنێویاندا جامی شا، خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا - بژاردە، هەروەها ئێستا تیپەکە پلەی چوارەمی ریزبەندیی خولی رۆشنی سعودیەی گرتووە و بێهیوابووە لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی ئاسیا لە وەرزی داهاتوودا.
لەماوەی رابردوودا کۆمەڵێک راپۆرتی دژبەیەک هەبووە سەبارەت بەوەی ئایا ئەفسانەی پۆرتوگالی لەگەڵ یانەی نەسڕ دەمێنێتەوە یان نا، بەتایبەتی کە ماوەی گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت.
راپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو یاریزانە داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە کە دەبێت بە چەند گرێبەستێکی بەهێز پاڵپشتی تیپەکە بکەن و پلان بۆ پڕۆژەیەکی بەهێز دابنێن بۆ ئەوەی بتوانێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.
لە 39 یاری ئەم وەرزەدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ 33 گۆڵی تۆمارکردووە و 4 ئەسیستیشی کردووە.
ئەفسانەی پۆرتوگالی خەڵاتی گۆڵکاری خولی پیشەگەری رۆشنی سعودی بۆ وەرزی 2023-2024 بەدەستهێنا بەتۆمارکردنی 35 گۆڵ، هەروەها نزیکە لە پارێزگاریکردن لە هەمان خەڵات لەم وەرزەدا، چونکە بەتۆمارکردنی 23 گۆڵ پێشەنگی ریزبەندیی گۆڵکارانی گرتووە و دوو گەڕ لە خولەکە ماوە، بەڵام سەرەڕای ەئوە تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکی فەرمی بۆ یانەی نەسڕ نەبردووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی MBC، یانەی نەسڕ قسەی لەگەڵ رۆناڵدۆ کردووە سەبارەت بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، یاریزانەکە بیرۆکەی مانەوەی پێ ناخۆش نییە، بەڵام دەیەوێت تیپەکە بەهێزتر بکرێت بە هێنانی یاریزانی باشتر بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر پاڵەوانێتیەکان بکەن.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات یەکێک لەو یاریزانانەی رۆناڵدۆ داوایکردووە گرێبەستی لەگەڵ بکەن لویس دیازی ئەستێرەی کۆڵۆمبی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییە، کە یەکێکە لە ئامانجەکانی بارسێلۆنا لەم هاوینەدا.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، رۆناڵذۆ سەرسامە بە دیاز و بە بەرپرسانی یانەکەی گوتووە "ئەو یاریزانە کۆلۆمبییە دەتوانێت هێزێکی زیاتر بە تیپەکەیان بدات".
گرێبەستی ئێستای دیاز لەگەڵ یانەی رێدز لەساڵی 2027 کۆتایی دێت، یانە ئینگلیزییەکەش بڕیاریداوە ئەو یاریزانە بمهێڵێتەوە، هەروەک چۆن لەم دواییانەدا لەگەڵ محەممەد سەڵاح و ڤێرجیل ڤان دایک کردی، بەڵام دیاز هێشتا بڕیاری نەداوە چی دەکات.
سکای سپۆرت لەماوەی رابردوودا بڵاویکردەوە، چەند مانگێک بوو گفتوگۆکانی دیاز بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول وەستا بوون، بەڵام بەم دواییە دەستیان پێکردووەتەوە و ئێستا لەسەر رێچکەیەکی دروستن.