فەرمی.. ئەلۆنسۆ بووە راهێنەری چێڵسی

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی ئینگلیزی بەشێوەیەکی فەرمی، چابی ئەلۆنسۆی وەکو راهێنەری نوێی یانەکە راگەیاند و ئەویش دەڵێت "شانازییەکی گەورەیە دەبمە راهێنەری یانەیەکی وەکو چێڵسی".
 
یانەی چێڵسی لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "یانەی چێڵسی بەخۆشحاڵییەوە دامەزراندنی چابی ئەلۆنسۆ وەک راهێنەری تیپی پیاوان رادەگەیەنێت. ئەم راهێنەرە ئیسپانییە لە 1-7-2026 دا دەستبەکار دەبێت، دوای ئەوەی لەسەر گرێبەستێکی چوار ساڵە لە ستامفۆرد بریدج رێککەوتووە".
 
ئەلۆنسۆ کە یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە رێزلێگیراوەکانی جیهانی تۆپی پێی مۆدێرن، دوای ئەوەی ئەزموونی راهێنەرایەتی لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی ئەوروپادا لەگەڵ ریال مەدرید و بایەر لیڤەرکوزن بەدەستهێنا، روو لە چێڵسی دەکات؛ ئەو لە لیڤەرکوزن توانی یانە ئەڵمانییەکە بۆ بەدەستهێنانی یەکەمین نازناوی خولی ناوخۆیی لە مێژوویدا رێبەرایەتی بکات.
 
دەستنیشانکردنی ئەو رەنگدانەوەی بڕوای یانەکەیە بە کۆمەڵێک ئەزموونی بەرفراوان، کوالێتی راهێنەرایەتی و مۆدێلی یاریی، سیفاتەکانی سەرکردایەتی، کەسایەتی و دەستپاکییەکەی، کە ئەمانە هۆکاری سەرەکی بوون لە بڕیاری دەستنیشانکردنی بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە رێبەرایەتیکردنی قۆناخی داهاتووی گەشتەکەی چێڵسی.
 
ئەو نەک تەنیا وەک راهێنەرێکی نایابی تۆپی پێ، بەڵکو وەک سەرکردەیەکی سەلمێنراو و هاوبەشێک لە چەندین بواری گرنگدا سەیر دەکرێت کە پێویستن بۆ بەڕێوەبردنی تیپەکە.
 
لەکاتی دەستنیشانکردنیدا، چابی گوتی: «چێڵسی یەکێکە لە گەورەترین یانەکانی جیهان و شانازییەکی بێسنوورە بۆ من کە ببمە راهێنەری ئەم یانە مەزنە. لە گفتوگۆکانم لەگەڵ گرووپی خاوەندارێتی و سەرکردایەتی وەرزشی، روونە کە هەمان خەون و ویستمان هەیە. دەمانەوێت تیپێک بونیاد بنێین کە توانای کێبڕکێی بەردەوامی هەبێت لە بەرزترین ئاستدا و بۆ بردنەوەی نازناوەکان بجەنگێت".
 
ئەلۆنسۆ زیاتر گوتی "بەهرەیەکی زۆر لە پێکهاتەکەدا هەیە و توانایەکی گەورە لەم یانەیەدا هەیە، جێگەی شانازییەکی گەورەیە بۆ من رێبەرایەتیی بکەم. ئێستا سەرنجمان لەسەر کارکردنی سەخت، بونیاتنانی کەلتوورێکی دروست و بردنەوەی نازناوەکانە.
 
یانەی تۆپی پێی چێڵسی بە متمانەوە چاوەڕوانی قۆناخی داهاتوو دەکات بە هاوکاری چابی، بە یەکگرتوویی و پێداگرییەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە ستامفۆرد بریدج، کە نیشانەی مێژوو و داهاتووی یانەکەیە.