ئەمشەو دوایین یاریی لیڤاندۆڤسکییە و ماڵئاوایی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا دوایین یاریی ئەم وەرزە لە یاریگای خۆی ئەنجامدەدات و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ماڵئاوایی لە یانەکە و هاندەرانی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 37ـی لالیگادا، کاژێر 22:15 بارسێلۆنا لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ریال بێتیس یاریی دەکات، ئەمە دوایین یاریی بارسایە لە یاریگای خۆیدا لەم وەرزەدا.
هاوکات دوایین یاریی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەبێت بەدرێسی یانەکەوە لە کامپ و ئەو یاریزانە ماڵئاوایی لە تیپەکە و هاندەرانی دەکات، دوای ئەوەی رۆژی شەممە بەشێوەیەکی فەرمی رۆیشتنی لە دوای کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە لە یانەکە راگەیێنرا.
بارسێلۆنا لە یاریی رابردوودا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە یانەی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش دۆڕا، بەمەش ناتوانێت لەم وەرزەدا بگاتە 100 خاڵ و ئەمشەو دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بەبردنەوە ماڵئاوایی لە هاندەرانی بکات.
ریال بێتیس پلەی پێنجەم و سەرکەوتنی بۆ چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کردووە، بۆیە بۆ ئەوانیش یارییەکە جگە لە رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵ هیچ گرنگییەکی وای نییە.
لیڤاندۆڤسکی لە بارەی رۆیشتنی لە بارسێلۆنا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی "دوای چوار ساڵی پڕ لە ئاڵنگاری و ماندووبوونێکی زۆر، کاتی ئەوە هاتووە ماڵئاوایی دەکەم. بەو هەستەوە دەڕۆم کە ئەرکەکەم گەیاندووەتە کۆتایی 4 وەرز و 3 نازناو.
هەرگیز ئەو خۆشەویستییەم بیر ناچێتەوە کە لە یەکەم رۆژەکانمەوە لە لایەن هاندەرانەوە پێم بەخشرا".
لیڤا زیاتر دەڵێت "کەتەلۆنیا شوێنی تایبەتی منە لەسەر ئەم زەوییە. سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ماوەی ئەم چوار ساڵە جوانەدا لەم رێگایەدا ناسیومن. سوپاسێکی تایبەت بۆ سەرۆک لاپۆرتا کە هەلی ئەوەی پێبەخشیم ناوازەترین وێستگەی ژیانی وەرزشیم ئەزموون بکەم. بارسا گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی کە شایەنییەتی".