نۆیەر پێکانی هەیە و لەوانەیە بەشداری مۆندیال نەکات
رووداو دیجیتاڵ
بایرن میونشن بەفەرمی جۆری پێکانەکەی مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی یانەکەی دەستنیشان کرد، پاشئەوەی لە یاریی بەرامبەر کۆڵن لە بوندێسلیگا بەناچاری یاریگای جێهێشت، ئەم پێکانە نوێیەش گومانی زۆری لەسەر بەشداریکردنی ئەو گۆڵپارێزە تەمەن 40 ساڵانە لە مۆندیالی 2026 دروستکردووە.
بایرن میونشن لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا وردەکاریی پێکانەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "گۆڵپارێزەکە بەهۆی کێشەی ماسوولکەیی لە بەشی خوارەوەی قاچی چەپیدا بۆ ماوەیەک دادەبڕێت، ئەمەش دوای ئەو پشکنینە پزیشکییانەی لەلایەن تیمی پزیشکی یانەکەوە بۆی ئەنجامدرا".
یانە ئەڵمانییەکە کاتێکی دیاریکراوی بۆ گەڕانەوەی نۆیەر دەستنیشان نەکردووە، بەمەش بەشداریکردنی لە یاریی فیناڵی جامی ئەڵمانیا بەرامبەر شتوتگارت لە رۆژی شەممە نادیارە. میدیاکانی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکەن ئەم گۆڵپارێزە لەم وەرزەی بوندێسلیگا سێ جار بەهۆی هەمان پێکانەوە لە یاریکردن دابڕاوە.
جولیان ناگێلسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا ئامادەنەبوو هیچ قسەیەک لەسەر بانگهێشتکردنی نۆیەر بۆ مۆندیال بکات، بەڵام سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن پێکانە یەک لەدوای یەکەکان کاردەکەنە سەر بڕیاری راهێنەر بۆ دیاریکردنی گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
مانوێل نۆیەر پێشتر نازناوی مۆندیالی 2014ـی لەگەڵ ئەڵمانیا بەدەستهێناوە، بەڵام تەمەنەکەی و ئەو پێکانە تووندانەی لەم دواییانە تووشی بووە، ئەرکی گەڕانەوەی بۆ پێکهاتەی نیشتمانی قورس کردووە.