کۆبوونەوەی داهاتوو چارەنووسی تێڤێز یەکلاییدەکاتەوە


رووداو - هەولێر


لە دوو رژی داهاتوودا بەرێوەبەری کارەکانی کارلۆس تێڤێزی ئارجێنتینایی و یاریزانی یانەی یوڤێنتۆسی ئیتاڵی لەگەڵ بەرپرسانی یانە ئیتاڵیاکە کۆدەبێتەوە.

کارلۆس تێڤێز دوای بەدەستهێنانی نازناوی خول، جامی ئیتاڵیا و پلەی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا چەندین جار رایگەیاندووە، دەیەوێت بگەڕێتەوە ئارجێنتینا و یانەی بۆکاجۆنیۆرز، ئەمە دوای بەرێکردنی تەمەنێک لە ئینگلتەرا و ئیتاڵیا.

رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردووەتەوە، بەرێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە هەوڵدەدات بەرپرسانی یانەی یوڤێنتۆس رازیبکات دەستبەرداری تێڤێز ببن بۆ ئەوەی یاریزانەکە بگەڕێتەوە ئارجێنتینا.

رۆژنامەکە ئەوەشی راگەیاندووە، بەرێوەبەری کارلیتۆ لەگەڵ بەرپرسانی بۆکاجۆنیۆرز رێککەوتووە لەسەر گەڕانەوەی تێڤێز لە ئەگەری رازیبوونی یوڤێنتۆس بۆ دەستبەردان لە یاریزانەکە.