ڤیدیۆ؛ گاتوزۆ ئەرکە مەحاڵەکەی جێبەجێکرد و کریستیانۆ و هاوڕێکانی بێهیواکرد

رووداو-هەولێر

یانەی ناپۆلی بۆ جاری شەشەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی جامی ئیتالیا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا شکستی بە یانەی یوڤێنتوس هێنا.

یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ لە شاری رۆما بەڕێوەچوو، یانەی ناپۆل بە لێدانی یەکلاکەرەوە توانی یارییەک لە یوڤێنتوس بباتەوە.

ناپۆلی دوای پێنچ ساڵ بووەوە بە پاڵەوانی جامی ئیتالیا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 شکستی بە یانەی فیۆرێنتینا هێنابوو.

بە درێژایی هەردوو گێمی یارییەکە هیچکام لەو دوو تیپە نەیانتوانی تۆڕی یەکدی بهەژێنن، جیانلویجی بوفۆنی گۆڵپارێزی یوڤێنتوس بە لێهاتوویی خۆی چەندجارێک یانەکەی لە گۆڵ رزگارکرد کە گرنگترینیان لە خولەکی کۆتایی نیوەی دووەمدابوو.

لە کاتی لێدانە یەکلاکەرەوەکانیشدا یانەی یوڤێتنوس دوو لێدانی سەرەتای لەلایەن دیبالا و دانێلۆوە لەدەستدا، بەمەش لێدانەکانی بە ئەنجامی 4-2 بردەوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکەمجارە لە مێژوودا دوو یاری کۆتایی لەسەریەک بدۆڕێنێت، دوای ئەوەی بەر لە شەش مانگ جامی سووپەری بە لازیۆ دۆڕاند.

ئەمە یەکەم نازناوی جێنارۆ گاتوزۆی راهێنەری ناپۆلی بوو لە مێژوویدا، دوای ئەوەی لە  سەرەتای ئەم وەرزە جێگەی مامۆستاکەی (کارلۆ ئانچێلۆتی) گرتەوە.